ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیاوە داوای مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا دەکەن زیادیکردووە

K24 - ئەنقەرە

ژمارەی ئەو کەسانە زیادیکردووە کە لە تورکیاوە داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردووە، ئاماری فەرمانگەی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ کۆچ و کۆچبەران ئاماژەیان بەوە داوە، تورکیا لە مانگی تەممووزی 2023دا، پێش ئەفغانستان کەوتووە بۆ داواکاری مافی پەنابەری لە وڵاتی ئەڵمانیا.

زیادبوونی داوای مافی پەنابەری لە لایەن هاووڵاتییانی تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا، بە گوتەی شارەزایان، هۆکاری هەڵاوسان و قەیرانی ئابووری و بێ بەها بوونی دراوی لیرەی تورکییە. 

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ کۆچ و کۆچبەران لە ساڵی 2022دا 23 هەزار و 938 داواکاری پەنابەری لەلایەن هاووڵاتییانی تورکیاوە بۆ ئەڵمانیا پێشکەشکراوە، لە حەوت مانگی یەکەمی ئەمساڵێشدا ئەم ژمارەیە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا203% زیادیکردوە، بەشێک لە هاووڵاتییان خراپی باری ئابووری و کێشە کۆمەڵاتییەکان بە هۆکاری کۆچکردن دەزانن.

بە پێی دوایین ئامارەکان ژمارەی ئەو تورکانەی پەنایان بۆ ئەڵمانیا بردووە بە رێژەی لەسەدا 203 زیادیکردووە، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "تورکیا ئەو وڵاتەیە کە زۆرترین کۆچبەر لە جیهاندا وەردەگرێت و لە هەر 23 کەس لە تورکیا یەکێکیان بووە بە کۆچبەر.

تورکیا لە ریزبەندی سێیەمی داواکاری پەنابەری بوو، لە ساڵانی رابردوودا و دوای سووریا و ئەفغانستان کە دەیان ساڵە شەڕ و ئاڵۆزی تێدایە، لە مانگی تەممووزی ساڵی 2023دا، تورکیا بە 3791 داواکاری، بۆ یەکەمجار پێش ئەفغانستان کەوت و بووە دووەم وڵات کە زۆرترین داواکاری مافی پەنابەری لە دوای سووریا هەیە.