زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان پریگۆژین و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێش مردنی ئاشکرا دەکرێت

K24 - هەولێر
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی وردەکارییەکانی کۆتا رۆژەکانی سەرۆکی گروپی ڤاگنەری ئاشکرا کردووە، پێش ئەوەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیدا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەفریقاوە بۆ مۆسکۆ گیان لەدەستبدات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاندووە، چەند رۆژێک پێش مردنی یەڤگنی پریگۆژین، سەرۆکی ڤاگنەر سەردانێکی بۆ وڵاتانی ئەفریقا ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا چاوی بە بەرپرسانی ئەفریقا کەوتووە، لەنێویاندا سەرکردەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرای سوودان.
بەپێی رۆژنامە ئەمەریکییەکە، فڕۆکە تایبەتەکەی پریگۆژین، هەینی رابردوو، لە بانگی پایتەختی ویلایەتی ئەفریقای ناوەڕاست نیشتووەتەوە، لەوێ دڵنیایی داوەتە سەرۆکەکەی، فاوستین ئارچانگ توادێرا، کە هەڵگەڕانەوەکەی لە رووسیا نابێتە هۆی رێگری کردن لە دامەزراندنی چەکداران بۆ پشتگیریکردنی هاوبەشەکانی لە ئەفریقای ناوەڕاست و کیشوەرەکە.
رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، دوای ماوەیەکی کەم لەو کۆبوونەوەیە، هێلیکۆپتەرێکی ڤاگنەر لە نزیک شوێنی پریگۆژین نیشتووەتەوە، کە پێنج سەرکردەی هێزەکانی پشتیوانی خێرای سوودانیان تێدابووە.
پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ئەو گرووپە سوودانییە لە ناوچەی دارفۆرەوە هاتوونەتە بانگی، بە دیارییەکەوە بۆ پریگۆژین، کە پێکهاتبوو لە قالبی زێڕ، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوە بووە کە هێزەکانی ڤاگنەر لە رۆژئاوای سوودان هاوکاریی ئەو هێزەی کردووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، پریگۆژین قسەی بۆ شاندی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کردووە و دەڵێت، "من زێڕی زیاترم دەوێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆر کاردەکەم بۆ ئەوەی سەرکەوتنتان بەسەریاندا مسۆگەر بێت"، کە مەبەستی شەڕکردنی دژی هێزەکانی سوپای سوودان بووە.
رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، هەناردەکردنی زێڕی سوودان بۆ رووسیا یەکێک بووە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی سەروەت و سامان بۆ ڤاگنەر و سەرکردە کوژراوەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە ژمارەی هێزەکانی ڤاگنەر کە لە کیشوەری ئەفریقا ئامادەن بگاتە نزیکەی پێنج هەزار چەکدار.
رۆژی چوارشەممە، فڕۆکەکەی پریگۆژین لە نزیک پایتەختی رووسیا کەوتە خوارەوە و دەسەڵاتدارانی رووسیا، کوژرانی 10 کەسی ناو فڕۆکەکەیان پشتڕاستکردەوە، لەنێویاندا پریگۆژین، فەرماندەی گروپی سەربازی ڤاگنەر، کە نزیک بوو لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا.
پوتن رۆژی پێنجشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە ماوەیەکی دەوێت، بەڵام تا کۆتایی دەگاتە ئەنجامێک، هیچ گومانێک لەوەدا نییە.