ئەنجوومەنی سەربازی کودەتای نەیجەر، هەڕەشە لە فەرەنسا دەکات

K24 - هەولێر:
مانگێک بەسەر کودەتاکەی نەیجەر تێدەپەڕێت، لە نیامی پایتەختی ئەو وڵاتە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی ئەو 48 کاتژمێرە کە ئەنجوومەنی سەربازی کودەتاکەی نەیجەر بە فەرەنسایداوە تا وڵاتەکە جێبهێڵێت، هەزاران هاووڵاتی لە بەردەم گەورەترین بنکەی سەربازی فەرەنسا لە نەیجەر گردبوونەتەوە و داوا دەکەن باڵیۆزی فەرەنسا و سوپای ئەو وڵاتە نەیجەر چۆڵ بکەن.
هاوکات ئەنجوومەنی سەربازی کە لەلایەن ژەنەڕاڵ عەبدولڕەحمان تیانیەوە سەرکردایەتی دەکرێت، هەڕەشەی لە باڵیۆزی فەرەنسا کردووە، ئەگەر وڵاتەکە جێنەهێڵن، هێز لە دژیان بەکار دەهێندرێت، بەڵام تا ئێستا فەرەنسا، کە هەزار و 500 سەربازی لە وڵاتەکە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە جیهادییەکان، جێگیرکردووە، رەتیکردووەتەوە وڵاتەکە جێبهێڵێت، جگە لەوەی کۆمەڵەی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا ناسراو بە ئێکواس کە لە 15 وڵات پێکدێت، سزای بەسەر نەیجەر سەپاندووە، هەروەها هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی لایەنی کودەتاکە کردووە ئەگەر رێگە نەدرێت محەمەد بازوم سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵاتەکە بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵات.
بەڵام سزاکان و داخستنی سنووری وڵاتانی ئێکواس لەگەڵ نەیجەر، وایکردووە نرخی خۆراک بە رێژەی ٪20 بۆ ٪30 بەرزببێتەوە و زیانی بە خەڵكی وڵاتەکە گەیاندووە، پرۆگرامی جیهانی خۆراک هۆشداری دەدات لەوەی برسیەتی هەڕەشە لەسەر 10 ملیۆن هاووڵاتی نەیجەر دەگەینێت، جگە لە نەیجەر، سزاکانی ئێکواس زیانی بە نەیجیریاش گەیاندووە و نرخی خۆراک لە بەشی باکووری وڵاتەکە بۆ زیاتر لە ٪40 بەزربووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەنێوان ئەنجوومەنی سەربازی نەیجەر و کۆمەڵەی ئێکواس بەدی ناکرێت.
رۆژی 27 – 7 – 2023 سوپای نهیجهر دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت، لایەنگرانی کودەتا لە نیامی پایتهخت و دۆسۆ رژانه سهر شهقامهكان و سهرۆككۆماری نهیجهر محەممەد بازومیان لهسهر كار لادا.