ئۆکرانیا و رووسیا ئاماری کوژراوانی جەنگ بڵاودەکەنەوە

K24 - هەولێر
بە هەزاران کەس لە جەنگی رووسیا – ئۆکرانیا، کوژراون و تا دێت جەنگەکە ئاڵۆزتر دەبێت، هەردوولا بەردەوام ئاماری تایبەت بە زیانەکانی جەنگەکە بڵاودەکەنەوە و ژمارەکانیش جیاوازییان هەیە، لە ئامارێکی نوێدا، سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەداوە، لە شوباتی 2022 تا ئابی 2023 توانیویانە 260 هەزار و 820 سەربازی رووسیا بکوژن.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ئۆکرانیا بە سەدان سیستەم و چەکی زەمینی و ئاسمانی سەربازیی رووسیا تێکشکاندووە.
لە لایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویکردەوە، لە دوایین هەفتەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانیان لە ئۆکرانیا توانیویانە چوار هەزار و 855 سەربازی ئۆکرانی بکوژن و سێ درۆنیش تێکبشکێنن کە یەکێکیان لە نزیک مۆسکۆ بووە.
وەزارەتی بەرگری رووسیا بڵاویشیکردەوە، لە هەفتەی رابردوودا بە تەنها لەبەرەی دۆنێتسک زیاتر لە هەزار و 400 سەربازی ئۆکرانیان کوشتووە، لەبەرەی زاپۆریژیاش 820 سەرباز و لە بەرەی کۆبیانسک 665 سەرباز و لە سەنگەرەکانی خارکێڤیش 485 سەربازیی ئۆکرانیان کوشتووە.
دوای 550 رۆژ ئاگری جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا دانامركێتهوه و هیچ ئاسۆیەکیش بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە نییە.
زیاتر لە 18 مانگە جەنگەکە بەردەوامە و هەردوولا زیانی گیانی و ماددی زۆر بە هەردوولا کەوتووە و جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە قەیرانی گەورەی ئابووری لە جیهان دروستکردووە.
سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ئاماری زیانەکانی رووسیای لە سەرەتای جەنگەکەوە بڵاویکردووەتەوە و بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە 24 شوباتی 2022 تا 27 ئابی 2023 رووسیا 260 هەزار و 820 سەربازی لەدەستداوە. زیاتر لە چوار هەزار و 396 تانکیش تێکشکێندراون و سووتێندراون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئۆکرانیا توانیویانە هەشت هەزار و 554 زرێپۆش و پێنج هەزار و 403 سیستەمی زرێپۆشی تۆپهاوێژی رووسی تێکبشکێنن.
هەر بە گوێرەی ئاماری سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا 728 سیستەمی مووشەکییان کردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون، 498 سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیا لەناو براون.
ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەکەوە 315 فرۆکەی جەنگی رووسیا و 316 هێلیکۆپتەریان خستووەتە خوارەوە. هەروەها چوار هەزار و 378 درۆن لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە خراونەتە خوارەوە و هەشت کەشتی جەنگی رووسیایان تێکشکاندووە.
لە 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، لە هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، ئەگەرچی مۆسکۆ دەیویست مەترسییەکان لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دوور بخاتەوە، بەڵام تادێت گۆڕەپانی جەنگەکە فراوانتر دەبێت و پریشکی ئاگرەکە سنوورەکانی رووسیای بڕیوە و زیانی بە چەندین ناوچەش گەیاندووە.
لە سەرەتای ئەو شەڕەدا رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام ئاماری جەنگەکە بڵاودەکەنەوە و ژمارەکانی هەردوو لاش جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە.