وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە  رایدەگەیەنێـت، لەبارەی دوو لیوا هاوبەشەکە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، پرۆسەی پێداچوونەوە بە لیستی لیوا هاوبەشەکان دەستیپێکردووە و لە ماوەی مانگێکدا دەست بە مەشق دەکەن و دواتر فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەردەچێت، هاوپەیمانانیش  ئەو دوو لیوایە پڕچەک دەکەن بڕیاریشە لیژنه‌یه‌کی هاوبه‌شی پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق ئه‌و ناوچانه‌ دیاری بکه‌ن که‌ لیوا هاوبه‌شه‌کانی تێدا جێگیر ده‌کرێن.

لیوا هۆشمەند رەشید، جێگری سوپاساری پێشمەرگە بۆ ئیدارەو میری بە کوردستان24ی گوت: "پێویستە گۆڕانکاری لە لیستی لیوا هاوبەشەکان بکرێت، چونکە هەندێک داتا هەیە نەنووسراوە".

گوتیشی: "دوای دەرچوونی فەرمانی دامەزراندن، رەنگە لەماوەی مانگێکدا دەست بە مەشق بکەن، لە بودجەی عێراق پارە بۆ مووچەی ئەو لیوایانە دیاریکراوە، هەر کاتێک دەستبەکاربوون مووچەیان پێدەدرێت".

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی ئەندامانی لیوا ھاوبەشەکان، حەوت ھەزار و 500 کەسن، لەو ژمارەیە سێ ھەزارو 750 لە ھێزی پێشمەرگە دەبن و سێ ھەزار و 750ی دیکەیشیان لە سوپای عێراق دەبن.

پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش، لە چوارچێوەی ئەو رێکارانەیە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگیرێنەبەر، بەگوتەی شارەزاییانی سەربازی، بە دوو لیوا ناتوانرێت ئەو سنوورانە کۆنترۆڵ بکرێن، ئەگەر ئەزموونی ئەم دوو لیوایە سەرکەوتوو بێت کار بۆ دامەزراندنی لیوای دیکەش دەکرێت.