فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەرچوو
وەزارەتی دارایی سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە

K24 - سلێمانی
لەسەر سكاڵای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوێرەی ماددەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن لە یاسای سزادانی عێرااقی، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەرچووە.
كەریم عەلی، بە کوردستان24ی گوت: "چەند جارێک لەلایەن ئاسایشی گەرمیان ئاگادار کراومەتەوە کە فەرمانێکی دەستگیرکردنم لای ئەوانە، داوایان کردووە خۆم رادەست بکەم".
گوتیشی: "ئەو فەرمانە لەسەر سکاڵای بەشی یاسایی وەزارەتی داراییە، لەبەر ئەوەی پێشتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا چەند زانیارییەکم سەبارەت بە مەرزی پەروێزخان خستووەتەڕوو باسم لە گرێبەستی کۆمپانیاکان و داهاتی دەروازە سنوورییەکان کردووە".
كەریم عەلی، راشیگەیاند: "تێبینی ئەوەمان لەسەر فەرمانەکە هەیە ئەو دادوەرە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ من دەرکردووە برای عەباس ئیسماعیل سەرپەرشتیاری مەرزی پەروێزخانە، کە پێشتر گوتبووی سکاڵا لەسەر من تۆمار دەکات، واتا لەسەر داوای براکەی ئەو فەرمانەی بۆ من دەرکردووە، جگە لەوەش سکاڵا و فەرمانی دەستگیرکردن زیاتر ئیشی پۆلیسە فەرمانی دەستگیرکردنی من بۆ چووەتە ئاسایشی گەرمیان؟، دەبوایە سکاڵاکە لە دادگای رزگاری یان قۆڕەتوو تۆمار بکرێت نەک دادگای ئاسایشی گەرمیان، بۆیە ئێمە تێبینیمان لەسەر سکاڵا و فەرمانەکە هەیە".
ئاماژەی بەوەشدا، تانە لە بڕیارەکەی دادگا و دەدوەرەکە دەدات و داوا دەکات لە دادگایەکی دیکە سکاڵا تۆمار بکرێت.
