پەرلەمانتاران داوا دەکەن دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکاندا پێکبهێنرێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە دادگایەکی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکاندا پێکبهێنێت، کە بڕیارە لە 18ی کانوونی دووەمدا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

هاوپەیمانی سەربەخۆکان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "نیگەرانین سەبارەت بەو زانیارییانەی کە بڵاودەکرێنەوە و باس لەوە دەکەن کە ژمارەیەک کوتلەی سیاسی بڕە پارەیەکی زۆر تەرخان دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی کورسی لە پارێزگاکاندا بەدەستبهێنن".

 ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستکاریکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە رێگەی بەکارهێنانی پارەی گەندەڵیەوە، مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئیرادەی خەڵک و بڕیارە سیاسییەکەی".

هاوپەیمانییەکە بانگەوازێکی بەپەلەی ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەستەی دەستپاکی و سەرۆکایەتی فەرمانگەی داواکاری گشتی کرد و داویکرد، هێڵی گەرم تەرخان بکەن بۆ راپۆرتکردنی حاڵەتەکانی خەرجکردنی پارەی گوماناوی و زیادەڕەوی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و پێش بانگەشەی هەڵبژاردنیش، بە مەبەستی دەستنیشانکردنی گومانەکانی بەکارهێنانی پارەی سیاسی گەندەڵ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و رێگریکردن.

هاوپەیمانی سەربەخۆکان داوایان کردووە "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەو ئۆرگانانە ڕابسپێرێت بە پێکهێنانی دادگایەکی تایبەتمەند لە پرسەکانی گەندەڵی لە هەڵبژاردنەکاندا، هەروەها ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەر کەسێک کە پارەی گەندەڵی بەکاربهێنێت بە مەبەستی شێواندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

دەشڵێت: "گرنگی هەبوونی میکانیزمی چاودێری و بەدواداچوونی توند بۆ سەرچاوەی ئەو پارانەی کە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا خەرج دەکرێن، هەروەها بەدواداچوون بۆ هەر پێشێلکارییەک کە پەیوەندی بە کڕینی دەنگەکانەوە هەبێت یان هەوڵدان بۆ شێواندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان".

هەرچەندە هاوپەیمانی سەربەخۆکان پێشتر رایگەیاندبوو، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ناکات، بەڵام بینیویەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم کەشوهەوایەدا دەرفەتێکە بۆ هێرشکردنە سەر نەیاران یان رکابەرەکان.

یاسای لایەنە عێراقییەکان کە لە ساڵی 2015 دەرچووە پێوەری ورد بۆ بارودۆخی دارایی پارتەکان دادەنێت و داوایان لێدەکات ساڵانە ڕاپۆرتیان پێشکەش بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکەن و ڕێگرییان لێدەکات لە وەرگرتنی پارە لە ڕێکخراوە دەرەکی و ناوخۆییەکان یان لایەنەکان.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەشداریی 6022 کاندیدی ئاشکرا کرد، کە کێبڕکێ دەکەن بۆ پڕکردنەوەی نزیکەی 280 کورسی لە 15 پارێزگا، کە بەسەر 38 هاوپەیمانی سیاسی و حزب و کاندید دا بە شێوەیەکی سەربەخۆ دابەشکراون. کە بڕیارە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە 18ی کانوونی دووەمدا بەڕێوە بچێت.

 

Fly Erbil Advertisment