دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان رێگری لە سەردانیکردنی ژنان بۆ پارکێکی نیشتمانی دەکەن

K24 – هەولێر:

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئیدانەی بڕیارەکەی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستانیان کرد بۆ رێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ پارکی 'باند ئەی ئەمیر'، کە خێزانەکان زۆر سەردانی دەکەن بەهۆی دەریاچە نایابەکانی و  دەکەوێتە پارێزگای بامیان.

رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023) هیزەر بار، جێگری بەڕێوەبەری بەشی مافەکانی ژنان لە هیومان رایتس وۆچ، لە راگەیاندراوێکدا ئەم بڕیارەی ئیدانە کرد و گوتی: تاڵیبان نەک هەر کچان و ژنان لە خوێندن، هەلی کار و ئازادی بێبەش دەکەن. بەڵکو دەیانەوێت لە پارک، وەرزش و ئازادی هاتووچۆش بێبەشیان بکەن".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەنگاو بە هەنگاو دیوارەکان بەسەر ژناندا دادەخرێن و هەموو ماڵێک دەگۆڕێت بۆ زیندان، هەروەها بڕیارەکەی بە " بڕیارێکی دڕندانە" وەسفکردووە.

محەمەد خالید حەنەفی، وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە، لە میانی سەردانێکیدا بۆ پارێزگای بامیان، رایگەیاند، "چیدیکە ژنان و خوشکەکانمان ناتوانن بچنە پارکی 'باند ئەی ئەمیر' تا ئەو کاتەی رێنماییەکان دانەنێنین".

هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: "ئەم لێکدانەوەیە بۆ ئەوەی ژنان حیجاب بپۆشن بەو شێوەی کە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان سەپەنادوویانە، هیچ مانایەکی نییە".

دۆڵی بامیان بەناوبانگە بەوەی کە شوێنی سەرەکی گەشتیارییە لە ئەفغانستان، هەروەها پارکەکە لە تۆڕێک لە دەریاچە پێکهاتووە کە ئاوی فەیروزە و یاقوتیان تێدایە.  زۆرێک لە خێزانەکان دەستیان کردووە بە بەکرێدانی بەلەم بۆ ئەوەی لە دەریاچەکاندا بەمەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش هاتووچۆ بکەن.

لە دوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی ئابی 2021، حکومەتی تاڵیبان رێوشوێنی توندی بۆ جێبەجێکردنی بنەماکانی ئیسلام گرتەبەر، هەروەها لە کەمکردنەوەی مافەکانی ژنانی ئەفغانستانیش نەوەستاوە.

لە ماوەی دوو ساڵدا قوتابخانە ناوەندییەکان و پاشان زانکۆکان دەرگاکانیان بەڕووی ژناندا داخست.  هەروەها چوونیشیان بۆ پارک و هۆڵە وەرزشییەکان قەدەغە کراوە.  هەروەها کارکردنیان بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان و لە زۆربەی پۆستە حکومییەکانیش قەدەغە کراون و ژنانی ئەفغانیش لە کاتی دەرچوونیان لە ماڵەکانیان پێویستە خۆیان بە تەواوی داپۆشن.