سهرهتای مانگی داهاتوو ترهمپ دادگایی دهكرێت

K24 – هەولێر:
دادگاییکردنی ترەمپ بە تۆمەتی دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020 لە شەشی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
دادگای ویلایەتی جۆرجیا رایگەیاند، دانیشتنی دادگاکە لەبارەی دەستێوەردانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمهریکا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2020 لە جۆرجیا لە شەشی مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.
هەروەها دانیشتنی دادگای واشنتن بۆ ئەو تۆمەتە فیدڕاڵیانەی ئاراستەی ترەمپ کراون، لە ئاداری 2024 بەڕێوەدەچێت و دادوەر رەتیکردەوە كه بۆ 2026 دوابخرێت.
روونیشكراوهتهوه، لەو کاتەی پێشبڕکێکانی کاندیدانی سەرۆکایەتی ئەمهریکا دەست پێدەکات، دۆناڵد ترەمپ دەبێت بۆ سێ دۆسییەی جیاواز ئامادەی دانیشتنی دادگابێت.
ئێوارەی رۆژی 24/8/2023، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ی ئەمەریکا، خۆی رادەستی دەسەڵاتدارانی ناوخۆی گرتووخانەی ''فۆڵتن'' لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا کرد.
ترەمپ، ئەمجارە جیاواز لە سێ جارەکەی دیکە، لەبری چوون بۆ دادگا خۆی رادەستی بەرپرسانی بەندیخانەی ''فۆلتن'' لە ولایەتی ئەتڵانتا کرد، پاش ئەوەی ماوەی کەمتر لە نیو کاتژمێر لە بەندیخانە مایەوە، وێنە و پەنجەمۆری لێوەرگیرا و بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلاری ئازادکرا.
لەو دۆسیەدا ترەمپ و 18 کەسی دیکە بریتین لە پارێزەر، یاریدەدەر، کارمەندانی ئۆفیسی هەڵبژاردن، ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە یاسایان پێشلێکردوەو لەو رێگاوە هەوڵیانداوە بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 لە ئەمەریکا.