رووسیا کارمەندێکی پێشووی کونسوڵخانەی ئەمەریکا دەستگیر دەکات

K24 - هەولێر
بەتۆمەتی دزەپێکردنی زانیاری، هێزە ئەمنییەکانی رووسیا کارمەندێکی پێشووی کونسوڵخانەی ئەمەریکایان لەو وڵاتە دەستگیرکرد.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا بڵاویکردەوە، بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاری هەستیار سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، کەسێکییان بەناوی رۆبێرت شۆنۆڤ دەستگیرکردووە، کە بۆ ماوەی 25 ساڵ لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری ڤلادیڤۆستۆکی رووسیا کاریکردووە.
دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، سەبارەت بەم دۆسیەیە ژمارەیەک کارمەندی دیکەی کونسوڵخانەی ئەمەریکای لە شاری ڤلادیڤۆستۆک بۆ وەرگرتنی زانیاری بانگهێشت کردووە.
لە بەرامبەردا، ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی دەستگیرکردنی رۆبێرت شۆنۆڤ ئاماژەی بەوەدا، "ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی ناوبراو کراونەتەوە هیچ بنەمایەکییان نییە".