عیرفان کەرکووکی: هەندێک لایەنی تورکمانی لە هەولێر بارەگایان هەیە و دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک

"تورکمانەکان لەگەڵ گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک"

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان

K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان رایدەگەیەنێت، ئەوانەی خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک دەکەن، نوێنەرایەتی تورکمانەکان ناکەن و پارەیان پێ دراوە ئەو کارە بکەن. دەشڵێت، "هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێر هەیە، بەڵام دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک".

سەرەتای ئەم مانگە؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی و ژمارەیەک لایەنی دیکە لە کەرکووک بۆ ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییانە بتوانن بگەڕێنەوە شارەکە و دەست بە کار و چالاکییە سیاسییەکانیان بکەنەوە، بەڵام ماوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک کەس لە بەردەم ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی (مەکتەبی رێکخستنی ئێستا) خێوەتیان هەڵداوە و دژی کردنەوەی بارەگاکانی ئەو حزبە لە کەرکووک خۆپیشاندان دەکەن و رێگەی سەرەکی کەرکووک – هەولێریان داخستووە.

لەوبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئابی 2023، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24، کە گوڵەباخ بەهرامی پێشکەشی کرد؛ رایگەیاند: "من بە ناوی گەلی تورکمان جەخت لەوە دەکەمەوە، هەندێک لایەن لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، بە ناوی تورکمانەوە لە دژی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی راگەیەندراو دەردەکەن و لێدوان دەدەن، ئەوانە نوێنەرایەتی خەڵک و لایەنی تورکمانی لە کەرکووک ناکەن".

وەکو ئەوەی عیرفان کەرکووکی ئاماژەی پێ دەدات، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کەرکووکیان داگیرکردووە و خۆیان بەسەر خەڵکی شارەکەدا سەپاندووە، بەتایبەت عەسائیبی ئەهلی حەق، "ژمارەیەک بەڵتەچییان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەناوی عروبەت و تورکمانەوە خۆپێشاندان لە دژی بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ  گەڕانەوە و کردنەوەی بارەگاکانی ژماریەک حزب و بەتایبەت بارەگاکانی پارتی ئەنجام بدەن".

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەوانەی خۆپیشاندان لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک ئەنجامدەدەن و رێگەی کەرکووک – هەولێریان داخستووە، لەلایەن عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەو لایەنانەی شارەکەیان داگیرکردووە، پارەیان پێ دراوە و "ئەوانە لە ڕاستیدا نوێنەرایەتی شەقام و خەڵکی کەرکووك ناکەن".

بڕیارە رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت. دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2005 ئەنجام درا. حزبە کوردستانییەکان بە یەک لیست، کە ناوی لێندرابوو "لیستی برایەتی" بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد و توانییان لە کۆی 41 کورسی، 26 کورسی بەدەستبهێنن. حزبە تورکمانییەکان توانییان 9 کورسی و عەرەبەکانیش توانییان شەش کورسی بەدەسبهێنن.

بە گوتەی عیرفان کەرکووکی، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی ماوەی چەند رۆژێکە هەوڵدەدەن پشێوی لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دروست دەکەن، "مەبەستیانە هەندێک دەستکەوت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەدەستبهێنن، بەڵام خەڵکی کەرکووک بە کورد، تورکمان، کلدان و عەرەبەوە زۆر لەوە هۆشیارترن".

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان گوتیشی: "بەداخەوە هەندێک لایەنی تورکمانی بارەگایان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام لە کەرکووک بەشێوەیەکی دیکە رەفتار دەکەن و لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک راگەیەندراو بڵاودەکەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن. پێویستە ئەو لایەنانە بەخۆیاندا بچنەوە و جەخت لەوە دەکەوە، ئەوانە نوێنەرایەتی خەڵک و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک ناکەن. تورکمانەکان لەگەڵ گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک".

ئەو دەستەی لە پشت خۆپێشاندانەکانە، وەکو ئەوەی عیرفان کەرکووكی باسی کرد، "نایەوێت هەرگیز سەقامگیری، پێکەوەژیانی و برایەتی لە شاری کەرکووک هەبێت، بۆیە پێویستە هەموومان بە هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانەوە بەرەنگاری ببینەوە" و  دەشڵێت، "گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک واتا گەڕانەوەی مافە بۆ کەرکووکیان، گەڕانەوەی ئاشتی، ئارامی، سەقامگیری و برایەتی بۆ شارەکە، بەڵام ئەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا خۆیان بە سەر خەڵکی شارەکەدا سەپاندووە، دەیانەوێت بارودۆخەکە بەرەوە ئاراستەیەکی دیکە ببەن".

بە گوتەی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان، "دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و داگیرکردنی شاری کەرکووک؛ ئەو هێز، لایەن و میلیشیایانەی خۆیان بەسەر شار و خەڵکی کەرکووکدا سەپاندووە وایکردووە خەڵکی شارەکە نەتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە کاری سیاسی و جموجوڵی بازرگانی خۆی بکات. هەستان بە داگیرکردنی بارەگاکانی پارت و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی و پارتی گەلی تورکمان. بەوەش نەوەستان هەستان بە داگیرکردنی ماڵ و موڵکی تایبەت، کە سەر بە ئێمەیە و تا ئێستاش لە نێویدان".

له‌دواى رووداوەکانی 16ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ بارودۆخى شاری کەرکووک خراپ بووه‌ و كێشه‌ و گرفته‌كان زیادیان كردووه‌ و دیارده‌ى چه‌كدارى و سه‌ربازیى تێدا په‌یدا بووه‌. ئه‌مه‌ش خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییانی شاره‌كەی‌ نەکردووە و ئارامى و خۆشگوزه‌رانیى تێدا نەهێشتووە. هاووڵاتییان داوا دەکەن بارودۆخه‌كه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش رووداوەکانی 16ى ئۆكتۆبه‌ر، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، "ئێستا ژیان تێیدا زه‌حمه‌ت و قورسه‌."

 

Fly Erbil Advertisment