ڤالێری سۆلۆڤێی: پریگۆژین نەمردووە و پلان بۆ تۆڵەکردنەوە لە پوتن دادەنێت

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی زانیارییەکانی شارەزایەکی سیاسیی رووسی یەڤگینی پریگۆژین زیندووە و دەیەوێت تۆڵە لە ڤلادیمێر پوتن بکاتەوە.
دکتۆر ڤالێری سۆلۆڤێی، شارەزای سیاسەتی رووسیا و ئەندامی پێشووی پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لە مۆسکۆ، ئاشکرای دەکات ئەو هەواڵانەی باس لە کوژرانی فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر دەکەن دوورن لە راستییەوە و رایگەیاندووە، ئەوەی لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی پریگۆژیندا کوژراوە هاوشێوەکەیەتی و پریگۆژین خۆی نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دکتۆر ڤالێری، یەڤگینی پریگۆژین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر زیندووە و سەلامەتە و لە وڵاتێک لە دەرەوەی رووسیا دەژی، بەبێ ئەوەی ناوی وڵاتەکە ئاشکرا بکات.
ئەو شارەزا رووسییە باسی لەوەشکردووە، بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا پریگۆژین خۆی ئاشکرا بکات و بە هەموو جیهان بڵێت ئەوەی دەسەڵاتدارانی رووسیا لەبارەی گیان لەدەستدانییەوە دەیڵێن راست نییە.
ڤالێری سۆلۆڤێی جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، زانیارییەکان لەبارەی دی ئێن ئەی پریگۆژینەوە هەڵەن و پلانەکانی مۆسکۆ بۆ کوشتنی فەرماندەکەی گرووپی ڤاگنەر شکستیان هێناوە.
ئەو شارەزا سیاسییە رووسییە ئاشکرایکردووە، ئێستا پریگۆژین سەرقاڵی پلاندانانە بۆ تۆڵەکردنەوە لە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی زیاتر بدات لەسەر ناوەڕۆکی چۆنیەتی کارکردنی پریگۆژین لەو ماوەیە.
بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانەی ڤالێری سۆلۆڤێی، لە کاتێکدایە ئێستا رێورەسمی پرسەی یەڤگینی پریگۆژین لە شاری سەینت پێترسبێرگ لە رووسیا بەرێوەدەچێت و ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیاش ئامادە نییە بەشداری پرسەکەی بکات.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو (23 ئابی 2023)، ئاژانسی ھەواڵیی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی تایبەت لە ھەرێمی تڤێری باشووری رووسیا کەوتووەتە خوارەوە، لە ئاکامدا 10 کەس گیانیان لەدەستدا و لەنێویاندا یەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەری تێدایە و ئەمرۆش وا بڵاوکرایەوە، پریگۆژین له مهراسیمێكی تایبهتدا له گۆڕستانی پرۆخۆڤسكۆی له دهوروبهری سەینت پێترسبێرگ بەخاک سپێردراوە.