داخستنی رێگەی کەرکووک – هەولێر، زیانی بە بەروبوومی جووتیاران گەیاندووە

K24 – هەولێر:

داخستنی رێگەی كەركووك - ھەولێر، لە لایەن ژمارەیەك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی وایكردووە ئاستەنگی ھاتووچۆ لە نێوان ھەولێر و كەركووك دروست ببێت، سەرەڕای ئەوەش كێشە دروستبووە بۆ ھەرناردەی بەرھەمی جووتیاران بۆ شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی ھەولێریش دەڵێت "لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی رێگەكە بكرێتەوە".

کاروان رەمزی، خاوەنی پێشانگای فرۆشتنی بەروبوومی جووتیاران، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، داخستنی ئەو رێگەیە کاریگەری زۆری لە بازاڕ کردووە، ئەمڕۆ بازاڕ لە چاو رۆژانی رابردوو زۆر جیاوازی هەیە و نرخەکانیشی لەگەڵ رۆژانی پێشوو زۆر جیاوازە.

راشیگەیاند، زۆرینەی شۆفێرانی بارهەڵگر ئەمڕۆ باریان نەهێناوە بەهۆی ئەم رێگە گیرانە، ئێستا بەربوومەکانمان هیچی نافرۆشرێت، تاوانمان چیە وامان بەسەر بێت.

لەلایەکی دیکە، فارس محەممەد، جووتیار، داواکارە رێگەی کەرکووکیان بۆ بکرێتەوە، بەهۆی داخستنی ئەو رێگەیە جووتیاران زۆر زیانمەند بوونە، ئەگەر ئەو رێگەیە بەردەوام دابخرێت بەروبوومەکان لەسەر جووتیاران دەمێنێتەوە و نافرۆشرێت و سەرجەمی لەژێر ئەو گەرمیە تێکدەچێت، نرخی گواستنەوەی بەربووم لەچاو رۆژانی رابردوو بووەتە دوو ئەوەندە.

ئەحمەد عوبێد، شۆفێری بارهەڵگر، بۆ کوردستان24، گوتی: داوا دەکەین رێگەی کەرکووکمان بۆ بکرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ئەگەر رێگەکە بەردەوام دابخرێت ناچارین بە رێگەی دیکەدا هاتووچۆ بکەین کە ئەمەش زۆر رێگەکەمان بۆ دوور دەکاتەوە، دوو رۆژە ئاستەنگی زۆریان بۆ درووستکردووین

لەلایەن خۆیەوە هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، دەڵێت: ئەم دوو رۆژە گرفت دروستبوو سەبارەت بە ناردنی بەربوومی جووتیارانی کورد، خودی بازرگانا عەرەبەکانیش ناڕازین لەو دۆخە، بەلام هەوڵەکان چڕدەکەینەوە زیاتر بەددواداچوون دەکەین و ئەگەری زۆریش هەیە بەم نزیکانە ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت

ماوەی دوو رۆژە ژمارەیەك لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی بە بیانووی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ كەركووك رێگەی کەرکوک هەولێریان داخستووە، ئەمەش وایكردووە ئاستەنگی ھاتووچۆ دروست ببێت.

لە 1ـی 5ـەوە  تاکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار و 200 بارهەڵگر بەروبوومی جووتیاران هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کراوە و بڕیاریش بوو ئاستەنگ بۆ جووتیاران دروست نەكرێت، بەڵام داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر کرێی بارهەڵگرانی سەوزەو میوەشیی لە 250 هەزارەوە کردووە بە 500 هەزار.

Fly Erbil Advertisment