رەئیسی: ئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران | وێنە: Sergei Bobylev / AP
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران | وێنە: Sergei Bobylev / AP

K24 - هەولێر

سەرۆككۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، لەم ماوەیەی دواییدا ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. دەشڵێت، دوژمنەكانیان ھۆكاری سەرەكی دروستكردنی پشێوی ناوخۆی ئێران بوون و هەوڵیان دا خەڵک بێ هیوا بکەن.

رۆژی سێشەممە 29ـی ئابی 2023، ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاستی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێك لەم ماوەیەی دواییدا ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە ڕێژەی 14% گەشەی كردووە.

بە گوتەی سەرۆککۆماری ئێران، دوژمنەكانیان ھۆكاری سەرەكی دروستكردنی پشێوی ناوخۆی ئێران بوون و هەوڵیان دا خەڵک بێ هیوا بکەن. دەشڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا پێیانوابوو دەتوانن لە ئاژاوەگێڕیدا ئامانجەکانیان بەدیبهێنن، بەڵام کاتێک ئاژاوەگێڕییەکان بە هاوکاری گەل پووچەڵکرانەوە، دەستبەجێ پەیامێکیان نارد کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و جارێکی دیکە دەست بە دانوستاندن بکەنەوە.

ئیبراھیم رەئیسی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی کەشوهەوای هەوکردن و دوو جەمسەری لە کۆمەڵگای ئێراندا، گوتی: "باوەڕمان بەوە نییە کۆمەڵگا تووشی ھەوكردن ھاتبێت، بەڵكو هەوکردن لە نەیاراندایە كە ھەوڵی هەوکردن و دوو جەمسەریی لە كۆمەڵگای ئێران دەدەن". 

لە خۆپێشاندانەکەی ساڵی رابردووی ئێران جیا لە كوژرانی سەدان كەس، هەزارانی دیکەش بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی دەستگیرکران، کە بە گوتەی بەرپرسانی تاران، دەستی دەرەکیان لە پشت بووە و لەم ماوەیەدا بەهۆی شێوازی مامەڵەی لەگەڵ خۆپێشاندەراندا، ئەمەریکا، بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا ژمارەیەک گەڕی سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.