هەڵمەتێکی دوورخستنەوەی مامۆستایانی زانكۆ لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان دەستیپێكردووە

K24 - هەولێر
ماوەی دوو ھەفتەیە هەڵمەتێکی دوورخستنەوەی مامۆستایانی زانكۆ لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان دەستیپێكردووە. بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، دەیانەوێت زانكۆكان لە "كەسانی ھاندەر و تێكدەر" پاك بكەنەوە.
شەپۆلی دەركردنی مامۆستایانی زانكۆ لەئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان خەریكە ھەموو زانكۆكان دەگرێتەوە. لە دوو ھەفتەی رابردوودا نزیكەی پەنجا مامۆستای زانكۆ یان ناچاركراون خۆی خانەنشین بكەن، یانیش لەكارەكەیان دوورخراونەتەوە.
ئەنجوومەنی قوتابیانی زانكۆی شەریفی تاران لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكردووە، ھەموو رۆژێك مامۆستایەك دەردەكرێت و ھەڕەشەی ئەوەش دەكەن كە چیتر ناتوانن بەرگەی ئەو چەندە بگرن.
زۆرترین ئەو مامۆستایانەی لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، لە زانكۆی تاران، پیشەسازی شەریف و تەباتەبایی بوونە. ھەموو ئەو مامۆستایانەی لە زانكۆكانی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لەكارەكانیان دوورخراونەتەوە، ئەوانەن كە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتیوانیان لە خۆپێشاندەرانی ساڵی رابردوو كردبوو.
گوشارەكان بەرادەیەك چڕبوونەتەوە؛ ماڵپەری ئینساف نیوز ئاشكرایكردووە، تەنانەت سەردار حوسێن عەلایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران كە ئێستا مامۆستای زانكۆیە، بەھۆی رەخنەگرتن رێگەی پێ نەدراوە بچێتەوە سەر کارەکەی، وانە بڵێتەوە و ئەویش دەركراوە.
گوشارەكان بۆ سەر مامۆستایانی زانكۆ لە كاتێكدایە، بەرپرسانی ئێران بەبێ ئەوەی ھیچ روونكردنەوەیەك بدەن، دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنیان دوو ھەفتە دواخست، بەڵام ئەنجوومەنەكانی قوتابیان دەڵێن، بەھۆی ساڵرۆژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە حكومەت نایەوێت لەو رۆژانەدا دەرگای زانكۆكان كراوە بێت.
پێشتر قەرارگای سارەڵای سوپای پاسداران لەتاران ئاشكرایكردبوو، 70 بۆ 80 لە سەدی زانكۆكان بە قوتابی و مامۆستاوە ناڕازین. ھەربەپێی ئاماری ئەو قەرارگایە 416 مامۆستای زانكۆ راستەوخۆ پشتیوانیان لە خۆپێشاندانەكانی ساڵی رابردوو كردبوو. ھەر بۆیە داوای لە دەسەڵاتداران كردبوو، كە زانكۆكان لەو مامۆستایانە پاك بكرێنەوە كە ھاندەرن و خالی جێ گومانیان لەسەرە.