وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکانی سکچوون و کۆلێرا لە شاری سلێمانی دەکات
تیمێکی وەزارەتی تەندروستی گەیشتە سلێمانی

K24 – هەولێر
بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەکانی سکچوون و کۆلێرا، ئەمڕۆ چوارشەممە 30/8/2023، تیمێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە شاری سلێمانی.
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەکردووە، لەسەر بڕیاری د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، تیمی وەزارەتی تەندروستی گەیشتە شاری سلێمانی، بۆ بەدواداچوونی زۆربوونی ژمارەی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکانی سکچوون و پێداویستی و رێککارەکانی پەتازانی و چارەسەری و دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی تووشبوون.
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "لەم ماوەیەدا حاڵەتی سکچوون و رشانەوە لەنێو هاووڵاتییانی سلێمانی زیادیکردووە، پێشتر منداڵان زیاتر تووشی ئەو حاڵەتە دەبوون، بەڵام ئێستا لە هەموو تەمەنەکان تووشبوون بەو حاڵەتە زیادیکردووە، زۆربەشیان گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە تووشی کۆلێرا بووبن".
سەبارەت بە ئاماری تووشبووان بە کۆلێرا لە سنووری سلێمانی، د. هێرش گوتی: "هەرچەندە ئامارێکی دروستمان لەبەر دەست نییە، بەڵام بە گشتی حاڵەتەکان زیادیان کردووە".
راشیگەیاند: "لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە وەکو تەندروستی سلێمانی هەڵمەتێکمان بۆ هۆشیارکردنەوە و خۆپاراستنی هاووڵاتییان دەستپێکردووە، هاوکات چەند رێنماییەکمان بڵاوکردووەتەوە، لە بازاڕیش رێکاری دیکە گیراونەتە بەر بۆ قەدەغەکردنی سەوزە و دۆ و ماستاو".
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی چەند رێنماییەکی بۆ خۆپاراستن لە پەتای سكچوون رشانەوە بڵاوکردبووەوە کە بریتین لە:
1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەری داپۆشراوبێت.
2- سەوزە و میوە بەباشی بشۆردرێتەوە بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.
3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە بۆ دووربونت لە نەخۆشی سكچوون.
4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.
5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت و پاك و خاوێن ڕاگرتنی.
6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.
7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.
8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.