مووسا کەڤاڵ: کودەتای گابۆن کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا دێنێت

K24 – هەولێر:
شرۆڤەکارێکی سیاسی، رایدەگەیەنێت، کودەتاکەی گابۆن دۆخی وڵات سەختدەکات، هەروەها کودەتا هەمیشە هەمیشە دۆخێکی خراپ لە وڵات دێنێتە ئاراوە، هاوکات دەشڵێت: وڵاتانی یەکێتی ئەروپا دژی کودەتاکەی گابۆنن.
دەیان ئەندامی سوپا و پۆلیسی گابۆن لە کەناڵی گابۆن 24 لەبارەگای سەرۆکایەتی وڵات، راگەیەندراوێکیان خوێندەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گشت دامەزراوەکانی وڵاتیان راگەیاند، لەمبارەیەوە مووسا کەڤاڵ، شرۆڤەکاری سیاسی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کودەتاکەی گابۆن دۆخی وڵات سەختدەکات، هەروەها لە هەر وڵاتێک دیموکراسی پەیڕەو بکرێت کودەتا روونادات.
هەروەها راشیگەیاند، کودەتا نابێتە چارەسەر نە بۆ گابۆن نە بۆ وڵاتانی دیکە، هاوکات کودەتا رەوشی خراپتر دێنێتە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کودەتا لە وڵاتانی ئەفریقا روو لە زیادبوونە، رەنگە کاریگەری لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکاش بکات.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دەڵێت: وڵاتانی یەکێتی ئەروپا دژی کودەتاکەی گابۆنن.
مووسا کەڤاڵ، گوتی: بەشێک لە وڵاتان پشگیری کودەتای گابۆن دەکەن، بەشێک لە وڵاتانیش بە تووندی لە دژی دەوەستنەوە.
گوتیشی: کودەتای گابۆن کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
گروپێک لە ئەفسەرانی باڵای سوپای گابۆن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کەناڵی فەرمی وڵاتەوە دەرکەوتن و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتیان راگەیاند، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گابۆن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، کە عەلی بۆنگۆی سەرۆک کۆماری گابۆن بۆ جاری سێیەم هەڵبژێردرایەوە.
لەبارەی کودەتاکەی گابۆن، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا لە شاری تۆلیدۆی ئیسپانیا قسەی کردو گوتی: ئەگەر ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوە کودەتایەکی دیکەی سەربازی دەبێت کە ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تەواوی هەرێمەکە لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاستەوە دەست پێدەکات، پاشان مالی، بورکینافاسۆ، ئێستا نەیجەر و هەروەها گابۆن، لە دۆخێکی زۆر سەختدایە و بە دڵنیاییەوە وەزیرەکان بە قووڵی سەیری ئەو بابەتە دەکەن کە لەوێ چی روودەدات و چۆن لێی بڕوانین، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
کودەتا سەربازییەکەی گابۆن تەنها چەند هەفتەیەک دوای کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر دێت کە پاسەوانانی سەرۆکایەتی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتداریان پێکهێنا محەممەد بازوم سەرۆکی وڵاتیان دەستگیر کرد.
لای خۆیەوە، ئەلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی گابۆن دەکات.