له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا هه‌شت كوده‌تا له ئه‌فریقا روویداوه

K24 - هەولێر:
ئه‌فریقا له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا هه‌شت كوده‌تای سه‌ربازی به‌خۆوه بینیوه، كه له هه‌ریه‌ك له وڵاتانی بۆركینا فاسۆ، سوودان، گینیا، مالی، نه‌یجیر و گابۆن روویان داوه.
له كیشوه‌ری ئه‌فریقا له‌وه‌ته‌ی ئابی 2020ـدا هه‌شت كوده‌تای سه‌ربازی روویداوه، كه دوایه‌مینیان كوده‌تاكه‌ی ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 30ـی ئابی 2023)ـی گابۆن بوو، هاوكات به ته‌نیا له مالی دوو كوده‌تا له‌ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێكدا رووی داوه.
سوپای مالی له 18ـی ئابی 2020ـدا كوده‌تای به‌سه‌ر ئیبراهیم بوبه‌كر كیتادا كرد و له تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا حكومه‌تی راگوزه‌ری پێكهێنا، پاشان له 24ـی ئابی 2021ـدا سوپای سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیران ده‌ستگیر كرد و له حوزه‌یراندا كۆڵۆنێل ئه‌سیمی گوێتای وه‌ك سه‌رۆكی كاتی دانا.
له 5ـی ئه‌یلوولی 2021ـدا كوده‌تا له گینیا رووی دا و به‌هۆیه‌وه كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌لفا كۆندی هات و له تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا و دوای مانگێك كۆڵۆنێل مامادی دۆمبۆیا وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته ده‌ستنیشان كرا.
سوپای سوودان له 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2021ـدا به سه‌ركردایه‌تی عه‌بدولفه‌تاج بورهان به‌رپرسانی مه‌ده‌نیان له ده‌سه‌ڵات دوورخسته‌وه، كه بڕیار وابوو وڵات به‌ره‌و دیموكراسی ببه‌ن له‌دوای سی ساڵ له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیر كه له 2019ـدا كۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هێنرابوو.
پاشان له 15ـی نیسانی ئه‌مساڵ (2023)ـدا له‌میانی ئه‌و ململانێیه سیاسییه‌ی له‌نێوان عه‌بدولفه‌تاح بورهان، سه‌ركرده‌ی سوپا و جێگره‌كه‌ی محه‌ممه‌د حه‌مدان ده‌قلۆی سه‌ركرده‌ی هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بوو، شه‌ڕ روویدا و به‌هۆیه‌وه تا ئێستا زیاتر له 5000 هه‌زار كه‌س كوژراون.
له بۆركینا فاسۆ له ماوه‌ی هه‌شت مانگدا دوو كوده‌تا روویان دا. له 24ـی كانوونی دووه‌می 2022ـدا سوپا كۆتایی به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی رووش مارك كریستیان كابووری هێنا و له شوێنه‌كه‌ی كۆڵۆنێل پۆڵ هێنری سانداوگۆ دامبیا وه‌ك سه‌رۆك دانرا. پاشان له 30ـی ئه‌یلوولدا سوپای دامبیای دوورخسته‌وه و ئیبراهیم تراوری وه‌ك سه‌رۆكی كاتی تاوه‌كو هه‌ڵبژاردنه چاوه‌ڕوانگراوه‌ی ته‌ممووزی 2024 له پۆسته‌ی دانا.
له 26ـی ته‌ممووزی 2023ـدا سوپای نه‌یجیر كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی محه‌ممه‌د بازۆم هێنا و ژه‌نه‌ڕاڵ عه‌بدولره‌حمان تیانی بووه به‌هێزترین پیاوی ئه‌و وڵاته. له به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵه‌ی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای ئه‌فریقیا (ئیكواس) له 10ـی ئابی ئه‌مساڵدا رایگه‌یاند، هێزی ده‌ستوه‌ردانی هه‌رێمی كارا كردووه‌ته‌وه به‌مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی سیستمی ده‌ستووری بۆ ئه‌و وڵاته و به‌رده‌وامی چاره‌سه‌ری دیپلۆماسی بۆ قه‌یرانی نه‌یجیر. پاشان كوده‌تاچییه‌كان پێشنیازی ماوه‌ی راگوزه‌رییان كرد، به‌شێوه‌یه‌ك له سێ ساڵ زیاتر نه‌بێت و ده‌سه‌ڵات راده‌ستی هاووڵاتیان بكرێت، به‌ڵام ئیكواس ره‌تیكرده‌وه.
گرووپێک لە ئەفسەرانی باڵای سوپای گابۆن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، لە کەناڵی فەرمی وڵاتەوە دەرکەوتن و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتیان راگەیاند، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گابۆن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، کە عەلی بۆنگۆی سەرۆک کۆماری گابۆن بۆ جاری سێیەم هەڵبژێردرایەوە.