ئێران و سووریا دژایەتیی خۆیان بۆ 'جموجۆڵەکانی سوپای ئەمەریکا' دەردەبڕن

کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی هەردوو وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئێران لە دیمەشق (وێنە: MAHER AL MOUNES / AFP)
کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی هەردوو وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئێران لە دیمەشق (وێنە: MAHER AL MOUNES / AFP)

K24 - هەولێر

وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سووریا دژایەتیی خۆیان بۆ جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی سوپای ئەمەریکا و پلانی وڵاتەکە بۆ "کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا" دەردەبڕن. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فرۆکەخانەی دیمەشق دەدەنەوە.

جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی سوپای ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سووریا؛ حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیان ڕاکێشی سووریا کرد.

حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانێکدا بۆ سوریا لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. دواتر هەردوو وەزیرەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا دژایەتیی خۆیان بۆ جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سوپای ئەمەریکا لە سووریا و پلانەکانی وڵاتەکە "بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری نێوان عێراق و سووریا" دەربڕی.

وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەگەر هەروا لەسەر پێشێلکردنی یاسانێودەوڵەتییەکان و ئەنجامدانی ئەو کردەوانەی لە ئاستی جیهانیدا ڕێگەپێدراو نین بەردەوام بن، سیاسەتەکانیان تووشی شکست دەبێت".

بە گوتەی فەیسەڵ میقداد، "سووریا سوپایەکی قارەمانی هەیە کە لە هەموو گۆڕەپانەکانی شەڕ بەرانبەر بە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، هێزی خۆی سەلماندووە."

لەلایەن خۆیەوە، حسێن ئەمیر عەبدوڵلاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران جیا لەوەی داوای لە ئەمەریکا کرد ناوچەکە بەجێبهێڵێت، هێرشی ئیسرائیلیشی بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشقی سەرکۆنە کرد و هۆشداریی دا "ئەم هێرشانە بێ وەڵام نامێننەوە".

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: "هیچ لایەنێک ناتوانێت رێگای پەیوەندییە مێژووییەکانی ناوچەکە دابخات. پێشنیار بە بەرپرسانی ئەمەریکاش دەکەین ناوچەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە بەجێبێڵن".

وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، "لە ناوچەکە، هیچ هێرشێکی دەستدرێژیکەرانە و تاوانبارانەی ڕژێمی زایۆنیستی، لە لایەن هێزەکانی ناوچەکەوە بە بێ وڵام نەماوەتەوە و لەمەدواش نامێنێتەوە".

ئێران هەزاران هێزی چەکداری لە سووریا هەیە کە لە ئەگەری سەقامگیربوونەوەی حکومەتی سووریا دەتوانن ڕووی چەکەکانیان بەرەو ئیسرائیل بسووڕێننەوە. هەر بۆیە ئیسرائیل بە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر فڕۆکەخانە و بەندەرەکانی سووریا و ئەمەریکاش بە کۆنترۆڵی سنووری نێوان عێراق و سووریا، بە نیازن ڕێگا لە گەیاندنی چەک و تەقەمەنیی ئێران بەم هێزە چەکدارانە بگرن.

Fly Erbil Advertisment