دیندار زێباری: دەبێت بکەرانی تراژیدیای تاوانە دڕندانەکانی داعش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە

K24 - هەولێر:

كۆنفرانسێك له‌ هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان لە عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هاوكات ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ده‌ڵێت، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی مەسیحییەکان دەبێت بکەرانی تراژیدیای تاوانە دڕندانەکانی داعش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 31ـی ئابی 2023) له‌ هه‌ولێر كۆنفرانسێك سه‌باره‌ت به‌ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان لە عێراق به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ هه‌ر یه‌ك دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، کریستیان ڕیچەر، راوێژکاری تایبەتی سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، رۆدۆلف ریچارد، کونسوڵی گشتی فەرەنسا بە وەکالەت له‌ هه‌ولێر، مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر و ستیڤن راپ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادپەروەری نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە ، به‌شدار بوون.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد دەربارەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانینی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان و دادگایکردنی تیرۆرستانی داعش و بە پێویستی زانی خۆڕاگری کۆمەڵگەی کریستیانەکان دژی تاوانەکانی داعش بەرز بنرخێندرێت و ڕایگەیاند بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی مەسیحییەکان دەبێت بکەرانی تراژیدیای تاوانە دڕندانەکانی شەڕی داعش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و گوتی "دوابەدوای ساڵی 2003، مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق کرانونەتە ئامانج".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سیحییه‌كان له‌ ساڵانی 2003، 2006  و 2009 رووبه‌ڕووی قۆناغی جۆراوجۆری ئاوارەبوون بوون و لە شوێنی نیشتەجێبوونیان وەدەرنران بەهۆی کردەوە تیرۆرستیەکانەوە و چەندین جار کڵێسا و شوێنی نیشتەجێبوونیان کراوەتە ئامانج، بەم هۆیەوە کۆمەڵگەی مەسیحییەکان دوچاری کۆچکردن بوونەتەوە بۆ ناوچەیەک کە تێیدا ئاسایشیان پارێزراوبێت و دوور بن لە زەفەری تیرۆرستان.

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە مەینەتی و ئازارەکانی مەسیحییەکان کرد و ئەو وێنەیەی خستەڕوو کە لە هاوینی 2014ـدا، پێکهاتە ئێزدی و مەسیحییەکانی نەینەوا و شەنگال لەگەڵ کۆمەڵێک کەمە پێکهاتەی دیکە کە نوێنەرایەتی گرووپی جۆراوجۆر دەکەن لە عێراق کەوتنە گەمارۆوە کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی تەوقی ئەو ناوچانەی دابوو. لە ژێر هەڕەشەی کوشتن و بەکۆیلەبوون و گۆڕینی ئاین بە زۆرەملێ سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.

 بەپێی مەزەندەی نەتەوە یاکگرتووەکان تەنها لە ساڵێ 2014 نزیکەی 200 هەزار کەس لە پارێزگای نەینەوا ڕووبەڕوی دیفاکتۆی کۆچکردن بوونەتەوە یانیش باجیان لێ وەرگیراوە. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی 50 هەزار لەو مەسیحیانە دانیشتووی موسڵ بوون، کە داعش دەستی بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیاندا گرت. زۆرێکیان خەڵکی قەرەقۆش بوون، ئەم شارۆچکەیە پێش تاوانەکانی داعش یەک لەسەر چواری کۆمەڵگەی مەسیحییەکانی عێراقی لەخۆگرتبوو. هەروەها رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکان ڕایگەیان کە لەمڕۆدا زۆربەی مەسیحییەکانی عێراق پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.

دوای هێرشەکانی داعش، ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکان ئاوارەبوون و شوێنەکانیان بەجێهێشت و بەشێکی زۆریان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. بەپێی داتاکان زیاتر لە 11 هەزار و 584 خێزانی مەسیحی کە پێکهاتوون لە 32 هەزار و 814 کەس ئاوارە بوون. دەستبەجێ حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ کۆمەکردنی ئاوارەکان، و هەڵستاوە بە  دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکاندا. لە ئەنجامی هێرشەکانی داعش 250 مەسیحی بێسەروشوێن بوون کە 82 ژن و 168 پیاو بوون. هەروەها لە دەشتی نەینەوا، 62 مەسیحی کە پێکهاتبوون لە 18 ژن و 44 پیاو، بێسەروشوێن بوون.

لە درێژەی وتارەکەیدا رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان باسی لە یارمەتیەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار خێزانی سەر بە پارێزگای نەینەوا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان بردووە و ناسەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست ڕێگرە لەوەی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. هەروەها بە مەبەستی پاراستنی گیانی پەنابەران و ئاوارەکان، بەڕێوبەرایەتی کەمپەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم ڕێکارەکانی چونەژورەوەیان بۆ ناو کەمپەکان چڕترکردووەتەوە، تەنها پەنابەران و فەرمانبەرانی حکومەت و ڕێکخراوە مرۆییەکان مافی ئەوەیان هەیە بچنە ناو کەمپەکانەوە ئەمەش بە مەبەستی فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری وەک بەردەستخستنی ئاوی پاک و خزمەتگوزاری هەمەچەشنە بۆ پەنابەران.

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان قوربانیی گەورەی داوە و نزیکەی 1810 شەهید و زیاتر لە 10369 برینداری پێشمەرگە هەن کە ئاماژەیە بۆ بەرگری کوردوستانیانەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment