یەکێتی ئەفریقا ئەندامێتی گابۆنی هەڵپەسارد

K24 – هەولێر:
یەکێتی ئەفریقا ئەندامێتی گابۆنی لە هەموو کۆبوونەوە و چالاکییەکانی یەکێتییەکە هەڵپەسارد و بە توندی ئیدانەی کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتەشی کرد.
رۆژی پێنجشەممە (31ـی 8ـی 2023) ئەنجوومەنی ئاشتی و ئاسایشی یەکێتی ئەفریقا بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی دەستبەجێی ئەندامێتی گابۆن لە یەکێتی ئەفریقا بەهۆی ئەو کودەتا سەربازییەی لەو وڵاتە روویدا، هەروەها یەکێتی ئەفریقا ئیدانەی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی لەلایەن هێزە سەربازییەکان لە گابۆن و لەکارلادانی عەلی بۆنگۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە 30ـی 8ـی 2023.
ئەم بڕیارەی یەکێتیی ئەفریقا دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاشتی و ئاسایشی یەکێتییەکە هات بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گابۆن دوای کودەتا سەربازییەکەی ئەو وڵاتە و بڕیاردرا لە هەموو ئەنجوومەن و دامەزراوەکانی یەكێتییەکە، ئەندامێتی گابۆن هەڵپەسێردرێت، کە پێشتر ئەو بڕیارە بۆ نەیجەریش دەرکراوە.
رۆژی (30ـی 8ـی 2023) دەیان ئەندامی سوپا و پۆلیسی گابۆن لە بارەگای سەرۆکایەتی وڵاتەکەیانەوە، لە رێگەی کەناڵی فەرمییەوە راگەیەندراوێکیان خوێندەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گشت دامەزراوەکانی وڵاتیان راگەیاند.
ئەم راگەیاندنە دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گابۆن هات کە رۆژی شەممە بەڕێوەچوو، تیایدا عەلی بۆنگۆ ئۆدیمبای سەرۆک کۆماری گابۆن، ماوەی 14 ساڵە حوکمڕانی وڵاتەکەی دەکات، بۆ خولی سێیەم و 64.27%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و رکابەری سەرەکی بۆنگۆش، ئەلبێرت ئۆندۆ ئۆسا، 30.77%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا 12 کاندیدی دیکە بەشداری بەدەستهێنانی دەنگەکانی دیکەیان کردووە.
بۆنگۆ لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنانەوە هەوڵی درێژکردنەوەی هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی دا کە 56 ساڵە حوکمڕانی ئەو وڵاتە دەکەن، عەلی بۆنگۆی تەمەن 64 ساڵ، لە ساڵی 2009 دوای کۆچی دوایی باوکی عومەر بۆنگۆ ئۆنجیمبا هەڵبژێردراوە، لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن پاڵپشتی گۆڕانکاری دەکات لە وڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام هەژار لە ئەفریقای ناوەڕاستدا.