ئەشواق جاف: ئەوەی لە بەغدا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە

ئەشواق جاف
ئەشواق جاف

K24 - هەولێر

ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی ئێستا لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت، پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە و قبووڵ ناکرێت.

ئەشواق جاف، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەوەی ئێستا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت لە بەغدا تەواوکەری پیلانەکانی ساڵی 2014یە کە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕی، بەبێ ئەوەی هیچ ماددەیەکی دەستووریی و یاسای هەبێت، بەڵام نەیانتوانی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوبەرن، هەروەها ئەوەی لە 16ی ئۆکتۆبەر نەیانتوانی لە رێگەی سەربازییەوە بیکەن دەیانەوێت ئێستا بەجۆرێکی دیکە جێبەجێی بکەن".

گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت بە شرۆڤە و لێکدانەوەی میزاجییە بۆ یاسای بودجە، بە راشکاوی ئەوەی دەکرێت لە بەغدا بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە، بەغدا هێندە بەهێز نییە، بەڵام نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزی کورد و یەک بەرەیە بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان وایکردەوە، کە ئەوان هەوڵی ئەوەبدەن هەرچی بە خوێنی شەهیدان بەدەستمان هێناوە لێمان زەوت بکەن".

ئەشواق جاف، جەختیکردەوە، کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە دەستووریی و یاسایی جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوەی دەکرێت بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە، هیچ کێشەیەکی هونەری لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا نەماوە، ئەوەی هەیە کێشەی سیاسییە".

دەشڵێت: "بەبڕوای من ئەوەی ئێستا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەمان پرۆسەی ئەنفالە بە جۆرێکی دیکە، لە رێگەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و زەوتکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە، کە ئەمە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەمووی جێبەجێکردووە بۆ پابەندبوون بە دەستوور و یاسا لە چوارچێوەی عێراق، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین مافی خەڵکی کوردستان بدات".

دەشڵێت: "نابێ چیتر خەڵکی کوردستان ببێتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بێت".

Fly Erbil Advertisment