بەپێی رێککەوتنێک 94 خێزانی داعش کەمپی هۆلیان بەجێهێشت

K24 - هەولێر
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بە دەیان خێزانی داعش لە پارێزگای حەسەکە کەمپی هۆلیان بەجێهێشتووە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەماهەنگی نێوان هەسەدە و هۆزەکان بووە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە، 94 خێزانی داعش کەمپی هۆلیان بەرەو شاری رەقە جێهێشتووە، ئەمەش بە دەستپێشخەری ئەنجومەنی سووریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەر، بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکە بووە.
لە 29 ئابی رابردوودا، هێزەکانی سووریای دیموکرات، 64 منداڵ و 30 ژن لە خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل، رادەستی وڵاتی قیرغیزستان کردەوە.
بەگوێرەی روانگە "ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو، لە شارۆچکەکانی ئەلعەزبا و ئەلحەریجییە لە لادێکانی دێرەزوور، پێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی هۆزەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و هەسەدە رووویدا، ژمارەی قوربانیانی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە، کە سێ کەسی سڤیل دوو کچ و ژنێک، هەروەها 16 چەکداری هۆزەکان و شەش چەکداری هەسەدە کوژراون، هەروەها 15 کەسیش بریندار بوون.
بە گوێرەی ئاژانسی ئاسۆشەیتید پرێس، لە ئێستادا رێژەی دانیشتوانی کەمپی هۆل دابەزیووە، کە بە 73 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە عێراقییەکان و سوورییەکان وڵاتانی دەرەوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان.
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و نزیک سنووری عێراق و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە.