یەمەن.. لە ماوەی حەفت مانگدا سەدان کەس بە پەتای سورێژە گیانیان لەدەستداوە

منداڵانی یەمەنی
منداڵانی یەمەنی

K24- هەولێر

بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ماوەی حەفت مانگی ئەمساڵدا لەیەمەن زیاتر لە 400 کەس بە پەتای سورێژە گیانیان لەدەستداوە، و نزیکەی 34 هەزار کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی ئەم دواییەدا نیگەرانی خۆی لە زیادبوونی حاڵەتەکانی سورێژە و سورێژەی ئەڵمانی لە نێو منداڵانی یەمەن دەربڕی، کە لە ئەنجامی ئەم دوو پەتایە 413 کەس مردوون، هاوکات لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی ئەوکەسانەی گومانی تووشبوونی ئەو پەتایەیان لێدەکرێت، 34 هەزار و 300 کەسن، لە کاتێکدا مردن لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە 220 حاڵەت زیاتر نەبووە، جگە لە 27 هەزار توشبوو.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم زیادبوونە لەمساڵدا لە چوارچێوەی تێکچوونی ئابووری و کەمی داهات و ئاوارەبوون و بارودۆخی ژیان لە کەمپەکانی ئاوارەدا دێت، ئەمە جگە لە سیستەمی تەندروستی خراپ لە یەمەن و کەمی رێژەی کوتان، چونکە بەهۆی شەڕەوە ناتوانرێت هەڵمەتی کوتان بۆ هەموو منداڵان بکەن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوڵەکانی خۆی بۆ زیادکردنی کوتانی رۆتینی راگەیاند، هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەڵمەتێکی نوێی کوتان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی یەمەن دەربڕی، کە  1.2 ملیۆن منداڵی یەمەن بکوتن، ئاماژە بەوەشدەکات، پشتگیری لە پاراستنی زیاتر لە 913 هەزار منداڵ کردووە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە، تا مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو، وەزارەتی تەندروستی گشتی و دانیشتوانی یەمەن، بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی رێژەی کوتان بۆ نزیکەی لەسەدا 65ـی منداڵان، لەگەڵ دوو ژەمی ڤاکسینی سورێژە.

بەڵام رێکخراوەکە رایگەیاند، ئەو بۆشاییە داراییەی ئێستا هەیە، پشتگیرییەکانی لەناوبردووە و ئامانجەکەی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ سنووردار کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە کە زانیاری سنووردار هەیە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر ئەو ژنانەی دووگیانن کە لە مەترسییان لەسەرە.

ئارتۆرۆ بێسیجان، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە یەمەن، ڕایگەیاند کە ئەم زیادبوونەی حاڵەتەکانی سورێژە و سورێژەی ئەڵمانی لە نێو منداڵاندا لەم ساڵدا، لە چوارچێوەی دابەزینی ئابووری و کەمی داهات و ئاوارەبوون و قەرەباڵغی بارودۆخی ژیان لە کەمپەکاندا دێت، لەگەڵ بارگرانییەکی زۆری سیستەمی تەندروستی و کەمی ڕێژەی کوتان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان.

ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونیسێف مەزەندەیان کردووە کە لە سەدا 27ـی منداڵانی خوار تەمەنی یەک ساڵ لە یەمەن کوتانیان لە دژی سورێژە نییە و ڤاکسینیان بۆ پاراستنی تەواوەتی وەرنەگرتووە.

لە دوای کودەتاکەی گروپی حوسییەکان لە یەمەن، ژمارەیەک نەخۆشی و پەتای کوشندە بڵاوبوونەتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment