نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: 40 گەنجی کورد لە کەرکووک دەستگیرکراون

خۆپیشاندانی ژمارەیەک گەنجی کورد لە کەرکووک دژی داخستنی رێگەی سەرەکی هەولێر-کەرکووک
خۆپیشاندانی ژمارەیەک گەنجی کورد لە کەرکووک دژی داخستنی رێگەی سەرەکی هەولێر-کەرکووک

K24 - هەولێر

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان دەڵێت، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی کەرکووک، 40 گەنجی کورد دەستگیرکراون. ئاماژە بەوەش کراوە، "هێزە ئەمنییەکان بە هەمەر و کەلوپەلی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکان و بەدوای ناسنامەی ئەو کوردانەدا گەڕاون کە بەشداربوون لە خۆپشاندانەکە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداو و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک بڵاوکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دوای ئەنجامدانی خۆپشاندانی ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بۆ کردنەوەی ڕێگەی نێوان هەولێر-کەرکوک؛ "دەستکراوە بە ڕەشبگیریەکی هەڕەمەکی و ژمارەیەکی زۆریان دەستگیرکراون بە شێوەیەک تا ئێستا سۆراغیان دیارنییە. تا ئێستا 40 هاووڵاتی کورد دەستگیرکراون، هەروەها 14 بریندار گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکان جگە لەوەی چەند هاووڵاتییەکی دیکە بەردباران کراون و بریندارن".

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەدات، لە ئێستادا ڕێگاکان کراونەتەوە، "بەڵام چەند لایەنێک بە هەمەر و کەلوپەلی سەربازیەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکان و بەدوای ناسنامەی ئەو کوردانەدا گەڕاون کە بەشداربوون لە خۆپشاندانەکە. ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و هەموو بنامیەکی پێکەوەژیانە".

نووسینگەکە داوا لە سەرجەم لایەنە نێودوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات، "چاودێری ڕەوشی شاری کەرکووک بکەن و پێشێلکاریەکانی ئەم ڕووداوانەى شارەکە کە لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامیانداوە لە چوارچيوەی ڕێسا نێودەوڵەتیەکان بەرزبکرێتەوە بۆ مەبەستی بەرز ڕاگرتنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتەکان بەپێی پانۆرامای خولی گشرتگیری نەتەوەیەکگرتووەکان کە وڵاتی عێراق ئەندامە تێیدا و ئەو پلانە نیشتیمانیەی کە حکومەتی فیدڕاڵ پێی پابەندە لە پاراستنی ئازادییەکان."

شەهیدکردنى خۆپێشاندەران و دەستگیرکردنیان، وەکو ئەوەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، "پێچەوانەى بنەماکانى مافى مرۆڤە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرەڕای بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگا و نشینگە سیاسیەکان بۆ پارتە کوردستانیەکان بە مەبەستی دەستپێکردنەوە بە چالاکی و جوڵەی سیاسی لە شاری کەرکوک، هێشتا چەند لایەنێکی توندڕەو ڕێگرن لە گەڕاندنەوەی پيکهاتەی تر وەک بکەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ناو شارەکە"

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتیدەکاتەوە، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017، دەزگا ئەمنیە لۆکاڵییەکان "نەیتوانیوە کەشێکی لەبار بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوەی پارتە سیاسیە کوردیەکان و دەستپێکردنەوەی چالاکیە سیاسییەکانیان لە ناو شاری کەرکوک. بە پێی دەستوور  مافی ڕەوای هەر لایەنێکە بە ئازادانە کار و چالاکیەکانی خۆی بەرەوپێش بەرێت".

رووداوەکانی 2ـی ئەیلوول لە کەرکووک

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.  

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.

راگەیاندن و هەڵگیرانی قەدەغەی هاتووچۆ

دوای گرژی و ئاڵۆزییەکانی دوێنێی کەرکووک؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قەدەغەی هاتووچۆی لە سەرتاسەری شاری کەرکووکی راگەیاند؛ بەڵام بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، قەدەغە هاتووچۆوەکە هەڵگیراوە و هاتووچۆی هاووڵاتییان ئاسایی بووەتەوە.

لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی کورد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، رێگای سەرەکی هەولێر-کەرکووک کرایەوە و سەرجەم ئەو خێوەتانەی خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانانەکان  لابران، کە لەسەر رێگاکە دانرابوون وەک ناڕازیەتی دەربڕین لە دژی کردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک و گەڕانەوەی ئەو حزبە بۆ شارەکە.

Fly Erbil Advertisment