كه‌مال محه‌ممه‌د: لە 26ـی حوزه‌یرانه‌وه‌ نەوتمان رادەستی عێراق کردووە

K24 - هەولێر:

وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لە 26ـی حوزه‌یرانه‌وه‌ نەوتمان رادەستی پاڵاوتگەکانی نەوتی عێراق کردووە. گوتیشی: "لە 2014ەوە عێراق ویستویەتی کێشە بۆ پڕۆسەى نەوت دەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دروست بکات".

كه‌مال محه‌ممه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه‌ سرووشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌كاله‌ت، ئەمڕۆ (دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە ماوەی چەند مانگێک بوو لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق گفتوگۆیان له‌باره‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد، رایگه‌یاند، لەبارەى نەوتەوە، لە 2014ەوە عێراق ویستویەتی کێشە بۆ پڕۆسەى نەوت دەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا دروست بکات.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ پاریس، هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راگیرا و ئه‌م راگرتنه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی عێراقدا نییه‌، كه‌ مانگانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌، كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ 70 دۆلاریش حیساب بكرێت، ئه‌وا 850 ملیۆن دۆلار زیان ده‌كات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ 25ی 6 ـه‌وه‌، مانگانه‌ 50 هه‌زار تا 102 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت رۆژانه‌ راده‌ستی به‌غدا كراوه‌، به‌گشتی رۆژانه‌ 85 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت دراوه‌ته‌ به‌غدا، به‌ڵام له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا یه‌ك دینار به‌رانبه‌ر به‌و نه‌وته‌ی كه‌ دراوه‌ته‌ به‌غدا، خه‌رج نه‌كراوه‌.

گوتیشی: گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، جیاوازه‌، ئه‌وان كۆمپانیای نیشتمانیان هه‌یه‌ ئیداره‌ی ئه‌و دۆسییه‌ ده‌كات، له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ رێگه‌ی كۆمپانیا ئه‌و كاره‌ ده‌كرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران، پێویستی بە 940 ملیار دینارە، تا ئێستا وه‌كو پێویست ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌كاتی خۆی به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌.

له‌ 12ی حوزه‌یرانی 2023 په‌رله‌مانی عێراق به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025ی په‌سه‌ندكرد و دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆككۆمار و بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراقی ده‌ست به ‌جێبه‌جێكردنی كرا و هه‌رێمی كوردستان ئه‌و بڕه‌ی پێناگات، كه‌ له‌ نێو یاساكه‌ ئاماژه‌ی پێكراوه‌ و لایه‌نه‌كان له‌ناو په‌رله‌مان له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.

Fly Erbil Advertisment