دانا جەزا: فشار لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنەکان
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەوانەی لە پشتی پەردەوە حکومەتی عێراقی بەڕێوەدەبەن نییەتێکی جددیان نییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، عێراق دەیەوێت لە رووی ئابورییەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات.
دانا جەزا، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، رێککەوتنی سیاسی لە عێراق رێککەوتنی سیاسی فێلبازانەیە و تەنیا دەیانەوێت بە هەر هۆکارێک بێت کات بکوژن و نییەتی جددییان نییە بۆ رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
هەروەها راشیگەیاند، ئەوانەی لە پشتی پەردەوە حکومەتی عێراقی بەڕیوەدەبن، دەیانەوێت تۆڵە لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، جەختی لەوەشکردەوە، فشار لەسەر حکومەتی عێراق هەیە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنەکان.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: حکومەتی عێراق نەیتوانی لە رێگەی هێزەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات، ئێستا دەیەوێت لە رێگەی ئابوورییەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات.
ئاماژەی بەوەشدا، دەستوەردانی هەرێمی بۆ لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
دانا جەزا، گوتی: کشانەوە لە حکومەتی عێراق یەکێکە لە کارتە فشارە بەهێزەکان، بەڵام هێشتا ماوە ئەو کارتە بەکاربهێندرێت.
گوتیشی: گرنگە هێزە سیاسییەکانی کوردستان یەک دەنگ بن، دەبێت بە یەک دەنگ بە حکومەتی عێراق بڵێن بەسە ئیدی ئەمە زوڵمە قبوڵ ناکەین.
ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق، باسی لەوەشکرد، عێراق وەک حکومەت هەیە، بەڵام وەک دەوڵەت بوونی نییە.
ئەمڕؤ دووشەممە (4ـی ئەیلوولی 2023)، کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەوەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کراوە مامەڵەیەکی دەستووری نییە و تەواو سیاسییە و حاڵەتێکی چاوەڕوانکراوە، چونکە ئەو خولیایە و ئەو هەوڵەی کە لە بەغدا هەیە بەرەو بنیاتنانی فیدراڵی ناڕوات، بەڵکو بەرەو فەرزکردنی دەوڵەتی مەرکەزی رەها دەڕوات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی سەبارەت بە یاسای بوودجە جێبەجێ کردووە، بەڵام تا ئێستا بەغدا تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە، مانگی ئەیلوولە و هێشتا مووچەی مانگی تەمووزی نەناردووە، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت، بەغدا دەیەوێت سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان وشک بکات، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەک ریزییەوە بەرپەرچی ئەو تەوژمە سیاسییەی بەغدا بدەنەوە.
گوتیشی: بەغدا دەیەوێت سەرچاوەکانی داهاتی خۆمان بەدەستی خۆمان نەبێت، بەغدا دەیەوێت سەرلەنوێ ئێمە ببینەوە فەرمانبەری ژێردەستی خۆی، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی گەورەی دەستوورە.