وەزیری بەرگری رووسیا: ئۆکرانیا سێ مانگە نەیتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکات
K24 – هەولێر:
سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری رووسیا رایگەیاند، سێ مانگە ئۆکرانیا لە هێرشەکانیدا نەیتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکات.
بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری رووسیا بە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسێک لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکەی کۆبووەوە، هاوکات وەزیری بەرگریی رووسیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوپای رووسیا لە سەرانسەری بەرەکانی شەڕدا بوونی هەیە.
شۆیگو لەبارەی هێرشی پێچەوانەی ئۆکراینییەکانیش رایگەیاندووە: "رژێمی کیێڤ سەرەڕای هەموو پشتیوانییە گەورانەی کە هەیەتی، سێ مانگە نەیتوانیوە هێرشە پێچەوانەکەی سەربخات، هاوکات سێ مانگە نەیتوانیوە هیچ پێشڕەوییەک بکات سەرکردەکانی ئۆکراینا بۆ بەدەستخستنی پشتیوانی سەربازیی و لۆجستیکی دەیانەوێت وا نیشانی بدەن کە دەستکەوتیان هەبووە".
وەزیری بەرگریی رووسیا ئاماژەی بە قوربانیانی ئۆکرایناش کرد لە جەنگەکەدا و گوتی: "لە سەرەتای جەنگەوە 66 هەزار سەرباز و حەوت هەزار و 600 چەک لەناو براون، هەروەها هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشی پێچەواندا هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و ئەوە وەک دەستکەوتی شەڕ هەژماری دەکەن.
گوتیشی: "تەنیا لە مانگی پێشوو 159 زرێپۆشی هەمەر و هەزار فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەناو براون".
لە بەرامبەردا سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ئاماری زیانەکانی رووسیای لە سەرەتای جەنگەکەوە بڵاویکردووەتەوە و بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە 24 شوباتی 2022 تا 27 ئابی 2023 رووسیا 260 هەزار و 820 سەربازی لەدەستداوە. زیاتر لە چوار هەزار و 396 تانکیش تێکشکێندراون و سووتێندراون.
هەر بە گوێرەی ئاماری سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا 728 سیستەمی مووشەکییان کردووەتە ئامانج و لەناویان بردوون، 498 سیستەمی بەرگری ئاسمانی رووسیا لەناو براون.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.
لە سەرەتای ئەو شەڕەدا رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام ئاماری جەنگەکە بڵاودەکەنەوە و ژمارەکانی هەردوو لاش جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە.