باڵیۆزی ئێران لە سعوودیە بەفەرمی دەستی بەکارە دیپلۆماسییەکانی کرد

عەلی رەزا عینایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعوودیە
عەلی رەزا عینایەتی، باڵیۆزی ئێران لە سعوودیە

K24 - هەولێر

عەلی ڕەزا عینایەتی باڵیۆزی راسپێردراوی ئێران بۆ سعوودیە گەیشتە باڵیۆزخانەی ئێران لە ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە.

باڵیۆزی نوێی ئێران، عەلی ڕەزا عینایەتی، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، رۆژی سێشەممە، "گەیشتووەتە سعوودیە بۆ ئەوەی دەست بەکارە فەرمییەکانی باڵیۆزخانە بکات".

عینایەتی بە فەرمی ئەرکە دیپلۆماسییەکانی لە ریازی پایتەختی سعوودیە دەستپێکرد، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کە مانگی ئاداری ڕابردوو لە پەکین واژۆکرا.

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە کە رۆژی سێشەممە عینایەتی گەیشتووەتە سعوودیە. بە گوتەی کەنعانی، باڵیۆز عەلی ڕەزا عینایەتی کار بۆ پەیڕەوکردنی پەیوەندی و هاریکاریی دووقۆڵی و گەیشتن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات.

وەزیری دەرەوەی سعوودیە، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، رایگەیاند، نوێنەرایەتییەکانی هەردوو وڵات دەستیان بە کارەکانیان کردووەتەوە، هەروەها هەردوو باڵیۆزەکەش ئەرکەکانی خۆیان گرتە ئەستۆ، وەک هەنگاوێکی دیکە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، جەختی لەسەر پەرۆشی ریاز کردەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چالاککردنی رێگاکانی پێشوو، کە رێککەوتیان لەگەڵ تاران کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە لایەنی ئەمنی و ئابوورییەوە هەیە.

Fly Erbil Advertisment