كارزان هه‌ناره‌یی: سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار ده‌كه‌ین كه‌ دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانن

كارزان هه‌ناره‌یی، ئه‌ندامی تیمی پارێزه‌ران
كارزان هه‌ناره‌یی، ئه‌ندامی تیمی پارێزه‌ران

K24 - هەولێر:

تیمێكی پارێزه‌ران و چالاكوانانی مه‌ده‌نی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی خۆبه‌خش له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان، سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار بكه‌ن، كه‌ دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانن.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 6ـی ئه‌یلوولی 2023) كارزان هه‌ناره‌یی، ئه‌ندامی تیمی پارێزه‌ران و چالاكوانی مه‌ده‌نی له‌و باره‌یه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و كه‌ناڵ و په‌یجانه‌ بۆ داواكاری گشتی به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنیان سه‌باره‌ت به‌ قه‌واره‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئامانجیانه‌ زیان به‌ر قه‌واره‌كه‌ بكه‌وێت.

كارزان هه‌ناره‌یی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵی دروستكردنی رای نه‌رێنین، زیاتر وه‌ك گرووپ و تاخم له‌ شاری سلێمانی ده‌ركه‌وتوون و هه‌ڵمه‌تی نه‌رێنیان به‌رامبه‌ر به‌ قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی تیمی پارێزه‌ران و چالاكوانی مه‌ده‌نی باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، خۆیان وه‌ك نووسه‌ر، رۆژنامه‌نووس و ئه‌دیب ده‌ناسێنن و هه‌ر كات بارودۆخێكی نه‌خوازراو به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت، ئه‌وان له‌ پشته‌وه‌ كاری نه‌رێنی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ گرووپی واتسئاپ و گرووپه‌كانی دیكه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گرووپی دژ به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.