ئەمەریكا و ئاژانسی وزەی ئەتۆم رای جیاوازیان سەبارەت بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران ھەیە

K24 - هەولێر
ئەمەریكا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەبارەت بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران رای جیاوازیان ھەیە. واشنتن دەڵێت، ئەو رێژە یۆرانیۆمەی ئێستا ئێران دەیپیتێنێت، ھیچ پاساوێكی ئاشتیخوازانەی نییە. ھەفتەی داھاتوو ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران کۆدەبێتەوە، بەڵام پێشوەختە راپۆرتەكەی دزەی كردووەتە ناو راگەیاندنەكان.
سەبارەت بە ئێران، ئەمەریكا رەخنە لە راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەگرێت. ڤیدانت پاتێل جێگری گوتەبێژی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت، ھیچ وڵاتێك یۆرانیۆمی پیتێندراوی شەست لەسەدی نییە، بەگوتەی پاتێل ئەو رێژەی یۆرانیۆمەی لەلایەن ئێرانەوە پیتێندراوە ھیچ پاساوێكی ئاشتیخوازانەی نییە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2023، راپۆرتێكی نھێنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دزەیكردە ناو راگەیاندنەكان. لەو راپۆرتەدا ئەگەرچی رەخنە لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران گیرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەش رایگەیاند، ئێران رێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی كەمكردووەتەوە. ھەر ئەوەش وایكرد كە ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری دیپلۆماتكارێك لەڤیەننا ئاشكرایكرد، ئەنجوومەنی بڕیاردەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە كۆبوونەوەی ھەفتەی داھاتوو ھیچ بڕیارنامەیەك لەدژی ئێران دەرناكات.
بەرپرسانی ئێران و ئەمەریكا نایشارنەوە كە لەسێ مانگی رابردوودا ھەندێك كۆبوونەوەی نھێنی و ناراستەوخۆیان لە قەتەر و عۆممان ھەبووە، ئەگەرچی تاران و واشنتن دەڵێن، گفتوگۆكان تەنیا لەسەر بابەتی ئاڵوگۆركردنی بەندكراوان و گەراندنەوەی ھەندێك پارەی بلۆككراوی ئێران بووە، بەڵام ھەفتەی رابردوو ماڵپەری بلوومبێرك ئاشكرایكردبوو كە بڕیاری ئێران بۆ كەمكردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراو دەرەنجامی كۆبوونەوەكانی تاران و واشنتنە.
بلوومبێرگ ئاشكراشیكردووە، رۆژئاواییەكان و بەتایبەت ئەمەریكا وازیان لە رێكەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ ئێران ھێناوە و دەیانەوێت جارێ ھەندێك رێككەوتنی بچووك و كاتی بكەن. لە ئێرانیش، ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆككۆماری وڵات دەڵێت، ئەوان مێزی گفتوگۆ بەجێناھێڵن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ھەوڵی بێ كاریگەركردنی گەمارۆكان دەدەن و ھەموو سێوەكان ناخەنە سەبەتەی ئەو گفتوگۆیانە.
لەگەڵ ھەموو ئەوانەش ئاژانسی رۆیتەرز، رۆژی سێشەممە ئاشكرایكردبوو كە تاكوو ئێستاش ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێران نیگەرانە، چونكە وردەكاری پێویستی لەسەر ھەندێك پرسیار و گومان بە ئەژانسەكە نەداوە.