بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان: تۆمەتبارێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەکاتی دەستگیرکردنی هەوڵی خۆکوشتنی داوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی شەش تۆمەتباری سەر بە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، یەکێک لە تۆمەتبارەکان هەوڵی خۆکوشتنیدا و بریندارە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکاندا هاتووە، "ئەمڕۆ ئێوارە (7ـی ئەیلوولی 2023) کاتژمێر شەشی ئێوارە دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری ئاساییش لەسەر تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، تیمەکانمان لەشاری هەولێر لە هەردوو گەرەکی گەنجان سیتی و بەرامبەر هەڕشەم دوو، لەسەر رێگەی بەحرکە توانیان شەش تۆمەتبار دەستگیربکەن".
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان دوای تەقەکردن لە کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لەکاتی دەستگیرکردنی، هەوڵی خۆکوشتنی داو لە ئەنجامدا خۆی بریندار کردووە و دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانیانەوە تۆمەتبارەکە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە و تا ئێستاش لە ژیاندایە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان باسی لەوەشکردووە، "هەندێک کەناڵی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە چەند هەواڵ و زانیاری ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم روونکردنەوەیە بڵاوبکەینەوە".
هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023) بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە ھۆشبەرەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، لەشاری هەولێر، تواندرا بڕی شەش کیلۆ و 700 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ، حەشیش، ماریوانا و تلیاک لەگەڵ هەزار شیت ترامادۆڵ و 10 شیت میتادۆن دەستی بەسەردا بگیرێت.