نرخی برنج گەیشتە بەرزترین ئاست

K24 - ههولێر:
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە فاو بڵاویکردەوە، نرخی برنج وەک خواردنێکی سەرەکی لەجیهاندا بەرزترین ئاستی لەماوەی پازدە ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە.
رێکخراوی فاو بڵاویشیکردەوە، بە بەراورد بەمانگی رابردوو، نرخی برنج لەسەدا نۆ پۆینت هەشت بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو رێککارانەی هیندستان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی برنجی گرتوویەتیەبەر.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێچەوانەی برنجەوە، نرخی خۆراکەکانی دیکە روویان لەدابەزی کردووە.
پێشتریش ئاژانسی ههواڵی رۆیتهرز به پشتبهستن به سهرچاوه میدیاییهكانی هیندستان ئاماژهی بهوه كردبوو، لە پێناو سهقامگیری و کەمکردنەوەی نرخی خۆراک لە ناوخۆی وڵات، حکومەتی هیندستان بڕیاریداوە جگە لە برنجی بەسمەتی، هەناردەکردنی هەموو جۆرەکانی دیکەی برنج بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت.
ئهو ئاژانسه ئهوهشی خستبووهڕوو، پێشبینی دەکرێت ئەو بڕیارەی حکومەتی هیندستان کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی خۆراک لە جیهان و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی برنجی هیندی دەبەستن، هەبێت.
لە سەدا 40ـی برنجی هەناردەکراو بۆ وڵاتان لە هیندستانەوەیە، بەمەش ئەو وڵاتە دەبێتە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری برنج.