هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دێرەزوور کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هێنا

K24 – هەولێر:

هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، هێزەکانیان لە دێرەزوور کۆتایی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان دەهێنن و بە توندی لێپێچینەوە لەگەڵ هەرکەسێک دەکەن کە هەوڵی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بدات.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئەیلوولی 2023) هێزەکانی سووریای دیموکرات راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لە 27ـی ئاب هێزکانیان بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور، ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی و سەربازیان لە ژێر ناونیشانی "بەرزکردنەوەی ئاسایش" دەستپێکرد، بە پلەی یەکەم شانەکانی رێکخراوی تیرۆرستی داعشیان کردە ئامانج و جگە لە راوەدوونانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە،  "لەماوەی دوو رۆژی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، وەکو پلانی بۆ دانرابوو، بەو پێیەی هێزە سەربازییەکان ژمارەیەک ئەندامی شانەی تیرۆریستی داعش و بازرگانانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد، بەڵام دواتر هەندێک لایەن بە سەرۆکایەتی بەشێک لە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی سەر بە رژێمی سوریا، بۆیان دەرکەوت کە سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەبێتە هۆی تێکدانی پڕۆژە و پلانەکانیان لەناو ناوچەکەدا، بۆیە پەلەیان کرد بۆ ئاراستەکردنی رووداوەکان بە ئاراستەیەکی دیکە، دواتر ئۆپەراسیۆنەکە گۆڕا بۆ پێکدادان لەگەڵ ئەو توخمانەی کە لە رۆژئاوای رووباری فوراتەوە دزەیان کردبوو هەوڵیاندا ناتەبایی لەنێوان خەڵک و هێزەکانی سوریای دیموکرات دروستبکەن، دواتر بە تووندی رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماری کوژرا و بریندارانی پێکدادانەکانی ئاشکراکرا کە تێیدا ، 25 چەکداریان کوژراون و هاوکات 25 چەکداری ئەو تاخمەش کووژراون کە رووبەڕووی هێزەکانیان بوونەتەوە و نۆ هاووڵاتی سڤیلیش برینداربوونە، هێزەکانی سووریای دیموکرات هەریەک لە رژێمی سووریا و هەندێک لایەنی دیکە بە هۆکاری دروستکردنی "فیتنە" لەو ناوچانەدا تۆمەتبار کرد.

هەفتەی رابردوو شەڕ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارانی هۆزە عەرەبەکان لە پارێزگای دێرەزوور، لە رۆژهەڵاتی سووریا روویدا و بەدەیان چەکدار کوژرا و برینداربوون لەهەردوولا.

بەگوێرەی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی 27ی ئاب، "هێزەکانی سووریای دیموکرات" ئەحمەد خەبیل ناسراو بە ئەبو خەوڵا، فەرماندەی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزووری دەستگیرکرد. دواتر دەرکردنی لە کارەکەی راگەیاند و تۆمەتباری کرد بە تێوەگلان لە تاوانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و خراپ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی و پەیوەندیکردن لەگەڵ رژێمی سووریا. بەمەش دەستگیرکردنی ئەو چەکدارە، عەرەبە ناوخۆییەکانی نزیک لە خۆی تووڕە کرد، کە هەر زوو هێرشیان کردە سەر هێزەکانی هەسەدە، و دواتر پەرەی سەند و بوو بە تێکهەڵچوون لە چەند گوندێکدا. کە لە ماوەی یەک هەفتەدا رووبەڕووبوونەوەکان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 71 کەس کە زۆربەیان شەڕڤان بوون کە 9 کەسیان مەدەنی بوون.

خێرایی پەرەسەندنەکە دوای ئەوە زیادی کرد کە هێزەکانی لایەنگری رژێم لە فورات بەرەو ناوچەکانی پێکدادان چوون، هێزەکانی سووریای دیموکراتیش قەدەغەی هاتوچۆیان لەو ناوچەیە راگەیاند، کە لە 2ـی ئەیلولەوە دەستیپێکرد و 48 کاتژمێری خایاند.

هێزەکانی هەسەدەش ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانەی پەیوەستن بە ڕژێمەوە تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی دروستکردنی فیتنە لە نێوان هەسەدە و هۆزە عەرەبەکانی ناوچەکە دەدەن.

ئارۆن لوند، لێکۆڵەری کاروباری سووریا لە سەنتەری سەنچوری ئێنترناشناڵ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە نابینم، پێدەچێت بەشێکی زۆری گرژییەکان پەیوەندییان بە پرسە زۆر ناوخۆیی و ناڕوونەکانەوە هەبێت.

بەڵام هۆشداری دەدات لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی عەرەب و کورد لەم ناوچە هەستیارەدا، گوتیشی: هیچ لایەنێک نییە کە بەرژەوەندی لە سووتەمەنی ئاژاوەگێڕیدا هەبێت.

پارێزگای دێرەزوور، لەسەر سنووری سووریا وعێراقە، زۆرینەی نیشتەجێبوانی عەرەبن و دەیان هۆزی عەرەبی تێدایە. دیارترین کێڵگە نەوتییەکانی سووریا کەوتووەتە ئەو شوێنە، "هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" کە لە هاوپەیمانییەکی کوتلە کوردی و عەرەبییەکان پێکهاتووە.

Fly Erbil Advertisment