عەباس رازی: هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئیدانەی رووداوەکانی کەرکووک دەکات

کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت
کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت

K24 – هەولێر:

ئەمینداری هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی هاوپەیمانییەکەدا، تاوتوێی دۆخی کەرکووک و رووداوەکانی ئەم دواییەی شارەکەیان کردووە و ئیدانەی ئەو کارانەش دەکات کە لەماوەی رابردوو لە کەرکووک روویاندا.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، عەباس رازی عامری، ئەمینداری هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، لە کۆشکی حکومی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق میوانداری سەرکردە و نوێنەرانی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کرد بە ئامادەبوونی هەریەکە لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

عەباس رازی ئاماژەی بەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ئاسایشی پارێزگای کەرکووک کراوەتەوە و ئیدانەی رووداوەکانی ئەم دواییەی شارەکەی کردووە و داواشی کردووە، هەموو لایەنەکان پابەندی وتاری هێمنکردنەوەی دۆخی شارەکە بن.

هەروەها هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری پەرلەمانی عێراق دووپاتکردووەتەوە، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەکان لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و بە پێویستی زانیوە کە راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و هەموو ئەوانەی تێوەگڵاون لە رووداوەکان، سزابدرێن لەژێر هەر ناو و ناونیشانێکدابن.

لەگەڵ ئەوەشدا، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاریداوە لیژنەیەکی سەرکردایەتی لە هاوپەیمانیەتییەکە پێکبهێنێت بۆ سەردانیکردنی پارێزگای کەرکووک بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و چارەسەرکردنیان بەشێوەیەکی خێرا.

عەباس رازی ئەوەشی ئاشکراکردووە، لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئیداری لە پارێزگای کەرکووک کراوەتەوە، بەشێوەیەک هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە بپارێزێت.

هاوکات ئەمینداری هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکدا جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگاکان کراوەتەوە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، بە پارێزگای کەرکووکیشەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکردە و نوێنەرانی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، گفتوگۆیان لەبارەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەی نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی هاوبەش لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت.

لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، هەریەکە لە فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە بەغدا و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکە بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، نەناردنی شایستە داراییەکانمان وەک لە بودجەی فیدراڵدا هاتووە، لەلایەن بەغداوە، زیان بە هاووڵاتییانمان دەگەیەنێت.

هاوکات مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، رۆژی (7ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، "یاسای بودجە، كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه‌ گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی".

رۆژی چوارشەممەش (6ـی ئەیلوولی 2023)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و375 ملیار دینار.

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، ، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.

هەروەها رۆژی هەینی، (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".

Fly Erbil Advertisment