ئەوانەی داوای رادەستکردنی نەوتیان دەکرد بۆچی ئێستا بێدەنگن؟
مووچەخۆران و هاووڵاتییان له نهناردنی بهشه بودجه نیگەرانن
K24 - هەولێر
مووچەخۆران و هاووڵاتییان نیگەرانن لەو پەرلەمانتار و لایەنە سیاسیانەی داوایان دەکرد نەوت رادەستی بەغدا بکرێت، داوای شکاندنی بێدەنگیان لێدەکەن و دەشڵێن ئەوان بەکارهێنران بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیەکیش بە توڕەییەوە دەڵێت: ئەوەی کردیان خیانەت بوو.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بە تێکرای رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی فیدراڵ کراوە، کەچی تائێستا نەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە تەنانەت خەرجی دەرهێنانی ئەو نەوتەشی وەریگرتووە نەیداوە.
نزیکەی سێ مانگە نەوت رادەستکراوە، دەرئەنجامەکەی ئەو دۆخەیە کە لە بازاڕ دەردەکەوێت، بۆ سێ مانگ دەچێت فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە، تا دێت ژیانی هاووڵاتییان قورستر دەبێت، ئەوانەی داوای رادەستکردنی نەوتیان دەکرد ئێستا بێدەنگن و مووچەخۆرانیش هاواریان لێ هەستاوە و داوای شکاندنی بێدەنگیان لێدەکەن.
کامەران مەجید، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرە دەڵێت: "ئەوانەی خەڵکیان چەواشە دەکرد و داکۆکیان لە سیاسەتی بەغدا دەکرد، پێویستە لە دادگایەکی نیشتمانی دادگایی بکرێن".
هاووڵاتییەکی دیکە لە هەولێر بەناوی نەسوح بەهرام دەڵێ: "لە هیچ شوێنێکی دونیا نەبووە حکومەت پارە بە قەرز بداتە مووچەخۆرانی خۆی".
فەرمانبەر و هاووڵاتییان لەو سیاسەتەی بەغدا نیگەرانن کە بۆ برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی هەولێر بەناوی عەبدولرەحمان هەڵگورد، گوتی: "لە مانگی شەشەوە نەوتی کوردستان رادەستی بەغدا کراوە، بەڵام هێشتا ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، هەر رۆژە و بیانوێک دەدۆزێتەوە".
سەلاح حامید، هاووڵاتییەکی دیکەی هەولێرە، گلەیی لەو کەس و لایەنەنانە هەیە کە داوای رادەستکردنی نەوتیان دەکرد، ئەو دەڵێت: "ئەو کەسانەی دەیانگوت نەوت رادەست بکەن، بۆ ئێستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە؟ بۆ داوای مافی خەڵکی کوردستان ناکەن".
تیڕوانینەکان بۆ حکوومەتی عێراق و ئەوانەی دەیانگوت نەوت رادەست بکەن دەرکەوت، کە هیچ کامیان راستگۆ نەبوون، ئەو پەرلەمانتارانەش بە نەزان یان بە داردەست دەناسێنن.
لەوبارەوە محەممەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "ئەو پەرلەمانتارانەی داوایان دەکرد هەموو شتێک رادەستی عێراق بکەین، یان نەزان بوون لە سیاسەت، یان داردەستی لایەنی دەرەکین بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان".