له‌ماوه‌ی 23 رۆژدا زیاتر له 122 هه‌زار زیاره‌تكار له سنووری حاجی ئۆمه‌رانه‌وه سه‌ردانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لایان كردووه

K24 - هەولێر:
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی لیژنه‌ى باڵاى پێشوازیكردن له زیاره‌تكارانى چله‌ى ئیمام حوسێن، دوێنێ شه‌ممه كۆتایی به پرۆسه‌ی پێشوازیكردن له زیاره‌تكاران هات. لیژنه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه: "له‌ماوه‌ی 23 رۆژدا زیاتر له 122 هه‌زار زیاره‌تكار له حاجی ئۆمه‌رانه‌وه سه‌ردانی نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لایان كردووه".
لیژنه‌ی ناوبراو راشیگه‌یاند، به مه‌به‌ستى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان و دابینكردنى پێداویستیی بۆ زیاره‌تكاران له هه‌رێمى كوردستان، چوار وێستگه‌ى پشوودان له هه‌رێمى كوردستان دامه‌زران، كه دوو وێستگه‌ى سه‌ره‌كى و دوو وێستگه‌ى لاوه‌كى بوون و چه‌ندین تیم و ستافى پسپۆر و شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ند و كارگوزارى ده‌زگارى خێرخوازى بارزانى (به هه‌موو پێداویستییه‌كانى لۆجستیكیی، كه‌لوپه‌ل، ئامێر، ئالیات، كابینه، ئامبولانس، داوده‌رمان، خۆراك و نان خواردن و ئاوى خواردنه‌وه) جێگیركرابوون.
لیژنه‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له سنوورى هه‌موو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ناحییه‌كان و قایمقامیه‌ته‌كان، تیمی هاوبه‌شی فریاگوزارى به شێوه‌ى (24) كاتژمێرى به مه‌به‌ستى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى هه‌نوكه‌یى له كاتى پێویست دا جێگیركردبوو، وێڕای جێگیركردنی وێستگه‌ی گه‌ڕۆك.
لیژنه‌ی ناوبراو روونیشیكردووه‌ته‌وه، به گشتى ئامارى هاتن و چوونى زیاره‌تكاران له ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى حاجى ئۆمه‌ران له ماوه‌ى (23) رۆژدا، (122556) كه‌س بوون.
زیاره‌تكاران له وڵاتانى وه‌كو ئێران، توركیا - ئازه‌ربایجان - رووسیا - جۆرجیا و كازاخستان له ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى حاجى ئۆمه‌رانه‌وه هاتبوون.
ئامارى ئه‌و زیاره‌تكارانه‌ى كه به هۆى نه‌خۆشى و وه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى پزیشكى سه‌ردانى بنكه و تیمه‌كانى تهندروستىیان كردبوو (6366) نه‌خۆش بوون. (هه‌روه‌ك لیژنه‌كه ئاماژه‌ی پێداوه).