ئاگرێك له باڵه‌خانه‌یه‌كی هه‌ولێر كه‌وته‌وه

K24 - هەولێر:
له باڵه‌خانه‌یه‌كی ته‌نیشت ژووری بازرگانی هه‌ولێر ئاگرێك كه‌وتووه‌ته‌وه و تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و تیمه‌كانی فریاكه‌وتن و تیمی ته‌ندروستی له شوێنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دان و لێكۆڵێنیه‌وه‌كان بۆ ئاشكراكردنی هۆكاره‌كه‌ی ده‌ستیپێكردووه، هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری ته‌واوكردنی باڵه‌خانه‌كه ده‌ڵێت، هۆكاره‌كه شۆرتی كاره‌با بووه.
شه‌یما بایز په‌یامنێری كوردستان24 له شوێنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاند، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 10ـی ئه‌یلوولی 2023) ئاگرێك له باڵه‌خانه‌یه‌كی هه‌ولێر كه‌وته‌وه. گوتیشی، ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی ئاگره‌كه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، تازه دروست كراوه و سه‌ر به ژووری بازرگانی هه‌ولێره و ماوه‌ی ساڵێكه كاری تێدا كراوه، به‌ڵام تا ئێستا بۆ خزمه‌تكردن و به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی ژووری بازرگانی ده‌ستبه‌كار نه‌بووه، به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا كاری تێدا ده‌كرێت و له قۆناغی ده‌ستپێكردنی ئاماده‌كارییه‌كاندایه.
هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌كه به كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌یكه‌لی باڵه‌خانه‌كه پێشتر دروست كراوه، به‌ڵام ئه‌وان ئه‌ركی ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه‌یان له ئه‌ستۆدا بووه. گوتیشی، بن سه‌قفی باڵه‌خانه‌كه فلینه بووه، ئه‌وه‌ی بووه‌ته هۆی ته‌شه‌نه‌كردنی ئاگره‌كه‌ش ئه‌و فلینه‌یه بووه.
سه‌رپه‌رشتیاری ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كه هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه شۆرتی كاره‌با بووه و دواتر بۆ فلینه‌كه گواستراوه‌ته‌وه. جه‌ختیشیكرده‌وه كه هیچ زیانێكی گیانی لێ نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، له كاتێكدا كرێكار له‌ناو باڵه‌خانه‌كه‌دا هه‌بووه.
هاوكات سه‌ركه‌وت كاڕه‌ش، گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، تیمه‌كانی فریاكه‌وتنی شارستانی له بنكه‌ی عه‌نكاوه گه‌یشتوونه‌ته شوێنی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه. گوتیشی، باڵه‌خانه‌كه له كاتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌دا كاری له‌حیم و ئاسنگه‌ری تێدا كراوه.
هه‌روه‌ها گوته‌بێژی به‌رگری شارستانی روونیكرده‌وه، ئه‌و كه‌رسته و مه‌وادانه‌ی سووتاون، زیاتر مه‌وادی جبسم بۆرگ و داری نه‌جاڕی و هه‌ندێك مه‌وادی فلینه و سه‌قف سانه‌وییه. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، تیمه‌كانیان توانیویانه سێ كرێكار له نهۆمه‌كانی سه‌ره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه رزگار بكه‌ن. تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه دوو له كرێكاره‌كان له سه‌ره‌وه‌ی هه‌وڵیان داوه خۆیان هه‌ڵبده‌ن و بریندار بوونه، به‌ڵام گه‌یه‌ندراونه‌ته نه‌خۆشخانه و برینه‌كانیان سه‌خت نییه.