کەناڵ پێنجی ئەمەریکی: هەولێر یەکەم شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە دەبێتە دەستەخوشکی ناشڤێڵ

K24 – هەولێر:
کەناڵێکی ئەمەریکی باس لە واژۆکردنی رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شاری هەولێر و ناشڤێڵ دەکات و رایگەیاندووە، هەولێر یەکەم شارە لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوون لەگەڵ شاری ناشڤێڵی ئەمەریکی واژۆدەکات.
کەناڵی 5ـی هەواڵی ئەمەریکی کە بارەگاکەی لە شاری ناشڤێڵی ئەمەریکایە، بە گرنگییەوە باسی لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵی کردووە کە رۆژی (9ـی ئەیلوولی 2023) لەلایەن هەریەکە لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ واژۆکرا.
کەناڵە ئەمەریکییەکە باسی لەوەکردووە، هەولێر 10ـیەمین شارە دەبێتە دەستەخوشکی ناشڤێڵ و یەکەم شارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم رێککەوتنە لەگەڵ ئەو شارە ئەمەریکییە واژۆدەکات.
کەناڵی 5ـی هەواڵی ئەمەریکی ئاماژەی بەوەکردووە، رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ گرنگی بە چەند بوارێک دەدات کە سوودی بۆ هەردوو شارەکە دەبێت، لەوانەش ئاڵوگۆڕی کلتووری، پیشەیی و پەروەردەیی.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتە تەلەفزیۆنییەکەی کەناڵە ئەمەریکییەکە باس لە سەردانی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شارەکە لە مانگی ئایاری رابردوو بۆ هەولێر کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، زیاتر لە 25 هەزار کەس لە رەوەندی کوردی لە ناشڤێڵ دەژین، ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی هەردوو شارەکە بووە.
بۆ بینینی هەواڵ و ڤیدیۆی کەناڵە ئەمەریکییەکە ئێرە کلیک بکە.
لەلایەن خۆیەوە، فرێدا پلەیەر، یەکێک لە بەرپرسانی کەرتی پەروەردە لە شاری ناشڤێڵ بۆ کەناڵی 5ـی هەواڵی ئەمەریکی بە گرنگییەوە باسی لە رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی شارەکەیانی لەگەڵ هەولێر کردووە بۆ ئەو رەوەندە کوردییەی لەوێ دەژین و ئامەی بەوەشکردووە، "بۆ ئێمەی دانیشتووانی ناشڤێڵیش، گرنگە کە بزانین کلتووری کوردیی بۆچی جیاواز و ناوازەیە".
رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ و کۆمەڵێک لە کەسایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و رەوەندی کوردی، بە فەرمی رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ واژۆکرا.
پێشتریش جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لە ناشڤێڵ و ئەوان هەموو بەڵگەنامەکان وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی، کۆمەڵگەی کوردی بەشدارن لە حکومەت، بازرگانی، خواردن و کولتوور، "بۆیە پەیوەندی نێوان ناشڤێڵ و هەولێر هاوشێوەی پەیوەندی نێوان دوو هاوبەشی گەورەن".
لەلایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، ئەو هەمانگەیی و هاوکاربوونەی هەیە بۆ بەیەکتر گەیشتن و رێککەوتنی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ، لە ئایندەدا کاریگەری زۆر باشی دەبێت، بە تایبەتی لە بابەتی خوێندن، کۆمەڵێک دەرگا و دەرفەتی دیکە بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەکاتەوە.
هەروەها لە دەقی رێککەوتنەکەدا هاتووە، "ناشڤێڵ و هەولێر بە شێوەیەکی فەرمی پەیوەندی دەستەخوشکی دادەمەزرێنن، بەپێی بنەماکانی دەستەخوشکی نێودەوڵەتی نێوان شارەکان و ئەم رێککەوتننامەیە، بە ئامانجی هاندان بۆ لێکتێگەیشتن، نیازپاکی و دۆستایەتی لە رێگەی ئاڵوگۆڕی هاووڵاتییان، بیرۆکە و زانیاری لە بوارەکانی کولتوور، پەروەردە، یاسا، چاودێری تەندروستی، سەرکردایەتی کۆمەڵگا، حکومڕانی خۆجێی، خوێندنی باڵا، تەکنەلۆژیا، زانست، کار و بازرگانی، وەرزش و بوارەکانی دیکە کە جێگەی بایەخی هەردوولایە".