وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی عێراق دەکات و باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا دەکاتەوە
K24 – هەولێر:
وابڕیارە سبەی دووشەممە، وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆببێتەوە و دوای زیاتر لە 30 ساڵ، بە فەرمی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا بکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە (10ـی ئەیلوولی 2023) ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سبەی دووشەممە، ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، شالنبێرگ لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە و لەمیانی سەردانەکەشیدا، بە فەرمی باڵیۆزخانەی نەمسا لە بەغدا دەکرێتەوە.
لە ساڵی 1991ـەوە، نەمسا باڵیۆزخانەی لە بەغدا داخستووە و تەنیا نوێنەرایەتییەکی بازرگانی لە بەغدا هەبووە و لە ماوەی رابردووش، چەند جارێک عێراق بە فەرمی داوای گەڕانەوەی نوێنەرایەتی دییپلۆماسی ئەو وڵاتەی کردووە بۆ بەغدا.
لە ئەیلوولی 2021، لەمیانی کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤییەننا، داوای دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی کرد لە بەغدا، کە زیاتر لە 30 ساڵە کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە وڵاتی ئوردن ئەنجام دەدرێت.
دواتریش لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، حکومەتی نەمسا بڕیاریدا جارێکی دیکە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا بکاتەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق بباتە ئاستێکی بەرزتر.
نەمسا وڵاتێکی گرنگی یەکێتی ئەوروپایە و ژمارەیەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی و عێراقی لەو وڵاتەدا دەژین، هەرچەندە عێراق باڵیۆزخانەی لە ڤییەننا هەیە، لە هەوڵی بەردەوامدا بووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە زیاتر بەرەو پێش ببات.