پێدانی مووچه‌ به‌ قه‌رز له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نایاساییه‌ و رێژه‌ی سوودی ده‌چێته‌ سه‌ر

655
655

K24 - هەولێر:

حكومه‌تی عێراق سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێدانی مووچە بە قەرز به‌ فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و نەناردنی پشکی کوردستان و جێبەجێنەکردنی یاسای بوودجە په‌یڕه‌و ده‌كات، هاوكات شاره‌زایانی ده‌ستووری و كارگێڕی و ئابووری ده‌ڵێن، پێدانی مووچه‌ به‌ قه‌رز له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ نایاساییه‌ و رێژه‌ی سوودی ده‌چێته‌ سه‌ر.

سۆران عەلی، شارەزای دەستوور تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، نە لە ماددەکانی دەستوور و نە لە یاسای کارگێری و دارایی نە لە یاسای بوودجە ئاماژەیەک نییە مووچەی فەرمانبەران بە قەرز بدرێت.

هه‌روه‌ها سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا پێدانی پاره‌ به حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ بانكه‌كان، كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ ئاستی كۆمپانیایه‌كی وه‌به‌رهێنان، بۆ ته‌رخانكردنی پاره‌ بۆ یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌كانی.

سۆران عەلی، گوتیشی ناكرێت هه‌رێمی كوردستان له‌و بارودۆخه‌دا كه‌ شایسته‌ داراییه‌كانی خۆی وه‌رنه‌گرتووه‌ و رێككه‌وتنی نه‌كردووه‌، ئه‌و قه‌رزه‌ وه‌ربگرێت. روونیشیكرده‌وه‌، وەرگرتنی قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەران به‌و شێوه‌یه‌، کێشە بۆ مووچەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی داهاتووش دروست دەکات.

دیار نییە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە بە قەرز وەر دەگرێت یان نا، بەڵام بە گوێرەی یاسا ئەگەر ئەو پارەیە لە بانکی رەشید و بانکی رافیدەین وەربگرێت، رێژه‌ی 5%ـی  سووی دەچێتە سەر، بۆیە پسپۆڕانی ئابووری داوا دەكەن ئەو رێککەوتنە لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و بانکەکان بکرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ رامیار رزگار، شاره‌زای ئابووری تایبه‌ت به‌ كوردستان 24ـی باسی له‌وه‌ كرد، بانكه‌كان بانكی بازرگانین و سوودیان هه‌یه‌ "پێشنیاز ده‌كه‌ین ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و بانكه‌كان بكرێت، چونكه‌ شایسته‌كانی فه‌رمانبه‌ران له‌لای حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌."

جێبەجێکردنی یاسای بودجە بە لاوە نراوە و چارەنووسی بەشەبوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دیار نییە، حكومەتی عێراق بۆ سێ مانگ بریاری داوە بە قەرز سێ 500 ملیار دیناری بنێرێت، لە كاتێكدا لە هیچ مادەیەکی دەستوور یاسای کارگێڕی و ئابووری و یاسای بوودجەش نەهاتووە حكومەتی عێراق بە قەرز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.

بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد کە (5ـی نیسانی 2023) خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاساکە لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا.

رۆژی (دووشه‌ممه‌‌ 26ـی حوزه‌یرانی 2023) یاسای بوودجه‌ی گشتی بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment