سوپای ئۆکرانیا ژمارەیەک ناوچەی کۆنترۆڵکردەوە

K24 - هەولێر

سوپای ئۆکرانیا ژمارەیەک ناوچەی لەهەرێمی دۆنێتسک کۆنترۆڵکردەوە و سوپای رووسیاش چەند درۆنێکی تێکشکاند.

ڤیتاڵی بارباش سەرۆکی ئیدارەی سەربازی ناوخۆی ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان لە سنووری ئەڤیدڤکای هەرێمی دۆنێتسک ژمارەیەک گوندیان کۆنترۆڵکردووەتەوە و بەردەوامن لە پاشەکشەپێکردنی سوپای رووسیا.

سەرۆکی ئیدارەی سەربازی ناوخۆی ئۆکرانیا باسی لەوەشکردووە، لە باشووری باخموتیش چەند گوندێکیان کۆنترۆڵکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی هەبوونی هەزاران مین لە ناوچەکەدا هێرشەکەنیان بەو شێوەیە بەڕێوەناچن کە پلانیان بۆ دانراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی 18 مانگی رابردوودا لە هەرێمی دۆنێتسک و بەتایبەتی شاری باخموت پێکدادانی سەختی سەربازی لەنێوان سوپای ئۆکرانیا و رووسیا روویداوە.

لەلایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری رووسیا لە پێگەی خۆی بڵاویکردەوە، دوو درۆنی ئۆکرانیان لە هەرێمی بیلگۆرۆدی سنووری رووسیا و ئۆکرانیا تێکشکاندووە.

وەزارەتی بەرگری رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانیان، دوو درۆنی ئۆکرانیای لە ناوچەی یاکۆڤلۆڤۆسکی هەرێمی بیلگۆرۆد تێکشکاندووە، کە لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئەو هەرێمە نێردرابوون.

جەختی لەوەشکردووە، تێکشکاندنی درۆنەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنها چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکانەوە زیانی مادیان بەرکەوتووە.

لە 24ی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین، لە هەرێمی دەنباس، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، لەوکاتەوە جەنگ لەنێوان ئەو وڵاتە بەرەدەوامە و لە رووی ئابوورییەوە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر تەواوی جیهان.

Fly Erbil Advertisment