لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەردانی کەرکووک دەکات

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەردانی کەرکووک بکات، بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەمنی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شارەکە.

مەریوان قەرەنی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 ی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 12/9/2023، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و شەهیدکردنی چوار هاوڵاتی کورد سەردانی شارەکە دەکات.

لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ گرژییەکانی سەرەتای ئەم مانگەی کەرکووک و شەهیدکردن و دەستگیرکردنی دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکانی ئەو شارە دەکات، دواتر راپۆرتێک سەبارەت بەدەرئەنجامی سەردانەکەیان ئامادەدەکەن و پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەکەن.

لە دوای رووداوەکانی 2ی ئەم مانگەوە کەرکووک کە چوار هاوڵاتی کورد شەهیدکران و ژمارەیەکی دیکەش بریندارکران، هاوکات بەشێک لە گەنجانی کورد دەستگیرکران، دۆخی کەرکووک ئاڵۆزە و بەتایبەتی گەڕەکە کوردییەکان بە سەربازگە کراون لەترسی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد.

Fly Erbil Advertisment