فوئاد حوسێن: هەرێمی کوردستان رێکاری بۆ دوورخستنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سنوورەکان گرتووەتەبەر
K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ بەغدا پابەندی رێککەوتنی پاراستنی سنوورەکان لەگەڵ تاران بووە و سبەی پەیامێک بە ئێرانییەکان دەگەیەنێت کە بە توندوتیژی و بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی سەروەری عێراق کێشەکان چارەسەر نابن.
فوئاد حوسێن، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا لە بەغدا رایگەیاند حزب و رێکخستنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران نزیکەی 50 ساڵە لە عێراقن و هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە سنوورەکان ناوە و لە ناوچەکانی دیکە نیشتەجێ دەکرێن.
فوئاد حوسێن، گوتی: "پرسی بوونی حزب و رێکخستنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان مێژووەکەی بۆ 50 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئێمە پەیوەندییەکی باش و بەرژەوەندی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە، ناکرێت بە هەڕەشە و توندوتیژی سەروەری خاکی عێراق پێشێل بکرێت، پەیوەندی دوو قۆڵیشمان رێگە لە توندوتیژی دەگرێت".
گوتیشی: "سیاسەتی عێراق روونە و رێگە بە بوونی ئەو هێز و لایەنانە نادات، سنوور ببەزێن و چەک لە دژی حکومەتی ئێران بەکاربهێنن، لەگەڵ لایەنی ئێرانیش قسەمان کردووە کە نابێت هەڕەشە بکات بە بەکارهێنانی توندوتیژی و بۆردومانکردنی هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان بدات".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی عێراق و ئێران واژۆکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی ئەو هێزانە لە ناوچە سنوورییەکان و نیشتەجێکردنیان لە ناوەڕاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، عێراق پابەندی رێککەوتنەکە بووە و چاوەڕێی هەمان ئەنجامین لە لایەنی ئێرانی".
وەزیری دەرەوەی عێراق، دەشڵێت: "سبەی پەیامێک بە لایەنی ئێرانی دەگەیەنم کە لایەنی ئێرانی توندوتیژی دژی هەرێمی کوردستان و سەروەری خاکی عێراق بەکارنەهێنێت".