یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی کوردستان: پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات شایستە داراییەکانی هەرێم رەوانە بکات
K24 – هەولێر:
یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لەباری بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە رایگەیاند، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن دەستوور و یاسا بکەنە سەرمەشقی مامەڵە و پێکەوەیی و جێبەجێکردنی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، چیدیکە رای تاکەکەسی و لێکدانەوەی هەڵە بۆ دەقە دەستوورییەکان نەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئەیلوولی 2023)، یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، ساڵی 2005 کاتێک گەلی کوردستان بە گوڕ و تینەوە چوونە سەر سندوقی دەنگدان بە بەڵی دەنگیان بە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا، ئەو دەنگدانەش بۆ ئەوەبوو کە هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستووری لە چوارچێوەی یاسابەرکارەکاندا ئەرک، ماف، شایستە دارایی و ئیدارییەکانی بەرجەستە بکرێت، بەڵام کاتێک قوت و مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکرێتە کارتێکی فشار بۆ ململانێی سیاسییەکان و دروستکردنی مەترسی لەبەردەم قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، ئەو ساتە تەمومژانەمان بیردێنێتەوە کە دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق بە ئەنفال، کیمیاباران، کوشتن و بڕین دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجامیاندا، دەستخستنە سەر قوتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنفالی ئابووریە کە بەرامبەرمان ئەنجام دەدرێت.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان کوردستان بەردەوام داوای سەقامگیری و بازاڕێکی ئارامی کردووە، بۆیە لەم بارودۆخەدا بێدەنگی دەشکێنێت و دژی هەر زوڵم و ستەمێک دەوەستێتەوە کە بەرامبەر بە میللەتەکامن ئەنجام دەدرێت.
یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن دەستوور و یاسا بکەنە سەرمەشقی مامەڵە و پێکەوەیی و جێبەجێکردنی رێککەوتنە دوو قۆڵییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، چیدیکە رای تاکەکەسی و لێکدانەوەی هەڵە بۆ دەقە دەستوورییەکان نەکرێت.
لە راگەیاندروەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، وەک هەمیشە بەبیر حکومەتی عێراق دەهێنینەوە کە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان سیمبوڵی تێکشکانی ئەفسانەی داعش بوون، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەو رۆژانەیان لەبەرچاو بێت کە گەلی کورد دوای ساڵی 2003ـەوە کۆڵەکەی سەرەکی دروستکردنەوەی عێراقێکی نوێ و سیستەمی حکومڕانی بوون لەو وڵاتە، دووبارە رق و کینە لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە، زیانمەندی یەکەم حکومەتی عێراقە و مێژوو گەواهیدەری ئەم راستییەیە.
یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن لە ئاست مافە نەتەوەیی کۆدەنگی نیشتمانی بکەنە هۆکار بۆ تەبایی و یەکڕیزی، تا چیدیکە رێگە نەدرێت مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکرێت.