وەزیری دەرەوەی نەمسا: لەگەڵ مەسرور بارزانی گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و نەمسا دەکەین

"هەوڵدەدەین کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە"

K24 – هەولێر

وەزیری دەرەوەی نەمسا رایگەیاند، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نەمسا و هەرێمی کوردستان دەکەن و هەوڵدەدەن هەنگاوی داهاتوویان کردنەوەی کونسوڵخانە بێت لە هەولێر.

ئەلێکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24، گوتی: "من لەگەڵ شاندێکی بازرگانی گەورە لێرەم، بۆ ئەوەی پەرە بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، لەم سەردانەدا زۆر بابەتمان هەیە کە دەمانەوێت باسی لێوە بکەین".

گوتیشی: "پێویستمان بە ئاڵوگۆڕی زیاتری سیاسیی و بازرگانیی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرەم".

وەزیری دەرەوەی نەمسا، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە چەند بوارێکدا پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، کۆمپانیاکانی نەمسا لێرەن و وەبەرهێنان دەکەن، بازرگانی نەمسا دەیەوێت لێرە زیاتر خۆی ئامادە بکات و پەرە بە کارەکانی بدات، ئەمەش ئامانجی ئێمەیە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان".

راشیگەیاند: "دوێنێ باڵیۆزخانەی نەمسام لە بەغدا کردەوە، ئێمە هەنگاوی زیاتر دەنێین، هیوادارم هەنگاوی داهاتوومان کردنەوەی کونسوڵخانە بێت لە هەرێمی کوردستان".

ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی نەمسا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، لەوبارەوە گوتی: "باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و نەمسا دەکەین، هەروەها کۆمەڵێک بابەت هەن گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین".

شەوی رابردوو 12/9/2023، ئەلێکساندەر شالنبێرگ وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment