جێگری سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق: بەدواداچوون بۆ كێشهی بودجه و مووچهی ههرێمی كوردستان دهكهین

K24 - برۆكسل:
سهبارهت به کێشەی بودجە و مووچەی ههرێمی كوردستان، شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا، سەردانی باڵیۆزخانەی عێراق لە برۆکسل دەكات و جێگری سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق دهڵێت، بەدواداچوونی ورد بۆ کێشەی مووچه و بودجهی ههرێمی كوردستان دەکەن.
لەمبارەیەوە ئابیر سەهلانی جێگری سەرۆکی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق، به كوردستان24ـی راگهیاند، لەسەر کێشەی بودجە و مووچەی ههرێمی كوردستان، سەردانی باڵوێزخانەی عێراق لە برۆکسل دەکەن و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کێشەیە دەکەن.
هەروەها دۆمێنێک رویز جێگری دووەمی سەرۆکی شاندی نێردەی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق، به كوردستان24ـی راگهیاند، داوا لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەکهم، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچه، گفتوگۆی زیاتر بکەن.
رویز لەو بڕوایە دایە، یەک لە هۆکارەكانی ئەوەی کە عێراق دەتوانێت بەو شێوەیە مامەڵە بکات، دووریی نێوان دوو ھێزە سەرەكییەكەی كوردستانە.
پەرلەمانی ئەوروپا گرووپی نێردەی پەرلەمانتارانی بۆ زیاتر لە 40 وڵاتی جیهان هەیە، لەنێویاندا 14 پەرلەمانتار بۆ عێراق تایبەتکراون، ئەرکی ئەم پەرلەمانتارانە چاودێریکردنی رەوشی سیاسی و ئابووری عێراقە، بەتایبەت لەبوارەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی و پرۆسەی دیموکراسی.
هەموو سێ مانگ جارێک ئەم گرووپە راپۆرتێک لەسەر بارودۆخی عێراق ئامادە دەکەن و پێشکەشی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای دەکەن.
رۆژی (8ـی ئەیلوولی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی روونکردنەوەیەکی گوتەبێژی حکومەتی عێراقی دایەوە لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکوو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە".