یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت لەسەر پرسی کۆچبەران لەگەڵ عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە رێکبکەوێت
K24 - ستراسبۆرگ:
یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت هاوشێوەی تونس، لەسەر پرسی کۆچبەران لەگەڵ عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە رێکبکەوێت، بە ئامانجی رێگەگرتن لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 مانفرێد وێبەر، سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا کە ناسراوە بە فراکسیۆنی EPP پارتی گەلی ئەوروپا ئاشکرای کرد، لەسەر پرسی کۆچبەران وەکو چۆن رێکەوتن لەگەڵ وڵاتی تونس کراوە، بەهەمان شێوە هەوڵ دەدەن لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەدا رێکبکەون بۆ ئەوەی رێگە بگرن لەهاتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "نابێت تەنیا لە تێڕوانینی خۆمانەوە سەیری قەیرانی پەنابەران بکەین و هەوڵی چارەسەری بۆ بدەین، بەڵکو دەبێت بزانین بۆچی کۆچبەران و پەنابەران وڵاتەکانی خۆیان جێ دەهێڵن.
گوتیشی: دەبێت یارمەتیدەر و هەماهەنگیمان هەبێت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەرەکانیان روو لە ئەوروپا دەکەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستیان بە داڕشتنەوەی پلانی سنوورەکان هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هاتووچۆی کۆچبەران بکەن.