سهرۆكی شارهوانی ناشڤێڵ: واژۆکردنی رێککەوتنی دەستەخوشکیی لهگهڵ ههولێر دەبێتە هۆی فەرمیی بوونی پەیوەندییەکان

K24 – هەولێر:
فرێدی ئۆکۆنێڵ سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵ بەکوردستان24ـى راگەیاند، لەماوەکانی رابردوودا پەیوەندییەکانی هەولێر و ناشڤێڵ نافەرمی بوون، بەڵام واژۆکردنی رێککەوتنی دەستەخوشکیی، دەبێتە هۆی فەرمیی بوونی پەیوەندییەکان و زیادبوونی گەشتکردن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هەولێر و ناشڤێڵ.
راشیگەیاند، رەوەندی کورد گرنگییەکی زۆری بۆ شاری ناشڤێڵ هەیە و دەتوانن شتی زۆر بۆ شارەکە بکەن.
ئۆکۆنێڵ ههروهها گوتی: "لە چەند مانگی رابردوودا توانیمان پێشوازی لە پارێزگاری هەولێر و شاندی یاوەری بکەین لەئەنجومەنی شارەکەمان، ئەوەش وەک دەستپێکی بنیاتنانی پەیوەندیی فەرمیمان بوو، لەچەند رۆژی رابردووشدا کارەکانمان تەواوکرد".
گوتیشی: "سەردانی پارێزگاری هەولێر بۆ ئێرە، هێمایە بۆ هەبوونی رەوەندی گرنگی کوردی لەناشڤیڵ، بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ پەیوەندییەکانی هەولێر و ناشڤیڵ بەهێز و نافەرمی بوون، بەڵام ئەم هەنگاوە هێز و فەرمیبوون دەداتە پەیوەندییەکانی ئەم دووشارە".
ئاماژهی بهوهشكرد، چاومان لەوەیە ئەم پەیوەندی دەستەخوشکە نێوان هەولێر و ناشڤیڵ، هەلی گەشتکردن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوانمان زیاتربکات و کوردەکانی ناشڤیڵ یەکێکن لە گەورەترین رەوەندەکان لەم شارە، ئەوان لەرووی کولتووری و بازرگانییەوە بۆ ناشڤڵ گرنگن و دەتوانن زۆر شت پێشکەشی ئەم شارەبکەن.