سبه‌ی پرۆسه‌ی راكێشانی ژماره‌ بۆ كاندید و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

K24 – هەولێر:

كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، كاتی راكێشانی ژماره‌كان‌ بۆ كاندید و پارت و هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئاشكراده‌كات.

عیماد جه‌میل سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئاشكرایكردووه‌، سبه‌ی شه‌ممه‌ كاتژمێر 4ی پاشنیوه‌ڕۆ، پرۆسه‌ی راكێشانی ژماره‌كان‌ بۆ كاندید و پارت و هاوپه‌یمانێتییه‌كان له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

جه‌میل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌‌، پرۆسه‌ی راكێشانی ژماره‌ بۆ هێز و لایه‌نه‌كان، به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران و نوێنه‌رانه‌ی هاوپه‌یمانێتی و پارت و كاندیده‌كان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.

پێشتریش هیمان ته‌حسین، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی پارته‌كان له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، راگەیاندبوو، 270 حزب و لایه‌نی سیاسی ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق تۆماركردووه‌.

ته‌حسین ئاماژەی به‌وه‌شدابوو، نزیكه‌ی 15 حزبی دیكه‌ ئاماده‌ییان بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نیشانداوه‌.

بەگوتەی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی پارته‌كان له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، جگه‌ له‌ 42 هاوپه‌یمانی كه‌ پێشتر تۆماركرابوون، نۆ هاوپه‌یمانی سیاسی دیكه‌ش داواكارییان بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان پێشكه‌شكردووه‌.

Fly Erbil Advertisment